ماوەی چەند رۆژێكە شەپۆلێكی باران بارین هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بڕێكی زۆر باران باریوە، بە هۆی كاریگەری ئەو شەپۆلەشەوە پلەكانی گەرما دابەزیون و سەرماو سۆڵەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.
كارمەندان و كرێكارانی شارەوانی و ئەو كۆمپانیایانەی كاری پاككردنەوەی شەقام و رێگاوبانەكان دەكەن لە وەرزەكانی هاوین و زستان، بە گەرماو سەرما و بەبێ گوێدانە سەختی كەشوهەوا، بەردەوامن لە ئەرك و كارەكانی خۆیان و شەقام و رێگاوبانەكان خاوێن دەكەنەوە.
شەوانە و دوای كۆتایهاتنی كاری كاسبكارانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی و چۆڵبوونی شەقامەكان، بڕێكی زۆری كارتۆن و سەوزە و میوەی خراپبوو لەگەڵ كەلوپەلی تر لەسەر شەقامەكان فڕێدەدرێن و بەجێدەهێڵرێن، ئەركی پاككردنەوە و لابردنی ئەو پاشماوە پیسانەی سەر شەقامەكانیش دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كارمەندانەی پاككردنەوە.
وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، زەردەشت رەفیق لەو بارەیەوە وتی: “جگە لە شارەوانی سلێمانی كە كاری پاككردنەوەی بەشێكی گەڕەكەكانی لە ئەستۆیە، چوار كۆمپانیای تری كەرتی تایبەتمان هەیە كە ئەركی پاككردنەوەی شارەكەیان لە ئەستۆیە و سەدان كارمەندیان هەیە بۆ پاككردنەوەی رۆژانەی شەقام و رێگاوبانەكان و كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك”.
ئەو وتی: “لە میانی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا و بە هۆی بەردەوامی باران بارین و مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو، بەشی ئاو و ئاوەڕۆی شارەوانی لە ئامادەباشی تەواودا بووە بۆ پاكکردنەوەی ئاوەڕۆكان و كەمكردنەوەی مەترسی هەستانی ئاو”.
وتەبێژەكەی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، رۆژانە لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیدا نزیكەی هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە و دەبرێتە دەرەوەی شارەوە.