لە ئێران بەرهەمهێنانی حەوت جۆر ئۆتۆمبێل وەستان

سزاكانی ئەمەریكا لە دژی ئێران لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە دەستی پێ كردووە كە كەرتی دارایی، بانكی، پیشەسازی و نەوت و چەندان بواری تری گرتووەتەوە. لە دوو مانگی رابردوو لە ئێران بەرهەمهێنانی پێنج جۆر ئۆتۆمبێل وەستاون كە پشت بە پیشەسازی و توانای دەرەكی دەبەستن.

بەگوێرەی “رادیۆزەمانی”  بەرهەمهێنانی هەریەك لە جۆرەكانی هایوندای I20، لیفان 820، لیفان x60، لیفان x50، MG360،  بە یەكجاری وەستاون.

وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئێرانیش ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوە كە چیتر لەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەرهەم نایەت.

لە سەرەتای مانگی پایزی ئەمساڵ 720 ئۆتۆمبێلی هایوندای I20، هەروەها 192 ئۆتۆمبێلی جۆری لیفان 820, هەزار و 161 ئۆتۆمبێلی لیفان X50،  لە كۆمپانیای كرمان مۆتۆر و 20 ئۆتۆمبێلی MG360 لە كۆمپانیای ئۆتۆمبێلسازی ئازەربایجان بەرهەم هاتووە.

هەریەك لە كۆمپانیاكانی كرمان خۆدرۆ و ئازەربایجان لە هۆكاری وەستانی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ هۆكارێكیان نەخستووەتە ڕوو.

پێویستە بوترێت پارچەی یەدەگی بەشێك بەرچاو لە پیشەسازی ئۆتۆمبێلی ئێران لە دەرەوە دابین دەكرێت و پێ دەچێت نەبوون یان گرانبوونی پارچەی یەدەگ هۆكاری وەستانی بەرهەمهێنانەكە بێت.