ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان یەك مەتری ستونی زیادیكردوە بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانەی كە رووی لەهەرێمی كوردستان كردوەو بەپێی زانیاری كەشناسیش شەپۆلەكە بەردەوامدەبێت، بەوتەی بەرپرسانی هەردوو بەنداوەكەش بارانبارینی ئەمساڵ كاریگەری باشی دەبێت لەسەر بوژاندنەوەی ژێرخانی ئاو لەهەرێمی كوردستان.
حەمە تاهیر جەلال بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان لە 21ی تشرینی دووەمی رابردوەوە شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوەو بارانبارێكی زۆریش سنوری قەزای دوكانی گرتۆتەوە، راگەیاند: تەنها لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا لەسنورەكەمان بڕی 45.6 ملیم بارانباریوەو كۆی گشتی ئەمساڵ گەیشۆتە 283 ملیم، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو تا ئەمڕۆ بڕی 49 ملیم باری بوو.
لەبارەی بەنداوی دوكانیشەوە، وتی: بەهۆی بارانبارینی ئەمساڵەوە ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان مەترێكی ستونی بەرزبۆتەوە كە دەكاتە 168 ملیۆن مەتر سێجا، بەجۆرێك تەنها لەماوەی 24 سەعاتدا ئاستی ئاوی بەنداوەكە 32سانتیم بەرزبۆتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان دوو مەترو 76سانتیمی ماوە بگاتەوە ئەو ئاستە، وتیشی: ئێستا بەنداوەكە دوو ملیارو 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، لەكاتێكدا توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بۆیە ئومێدیان هەی ئەمساڵ ئەگەر بارانبارین بەمشێوەیە بێت، ئەوا بەنداوەكە پڕدەبێت لەئاو.
بەوتەی بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان، بارانبارینی ئەمساڵ كاریگەری باشی دەبێت لەسەر بوژاندنەوەی ژێرخانی ئاو، بەشێوەیەك تەنها لەكوردستان نیە، بەڵكو باران و لافاوەكە ناوچەكانی باشوری عیراقیشی گرتۆتەوەو لەئێستادا بەنداوی سەرسار خەریكە پڕدەبێت لەئاو، هەروەها ئەو هۆڕانەشی دەیانوت سەدام وشكی كردوە، لافاو بارانبارو پڕیكردون.
هەروەها رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان تەئكید لەسەر ئەوەدەكاتەوە كە بارانبارین و لافاوی چەند رۆژی رابردوو كاریگەری زۆری لەسەر ئاستی بەنداوی دەربەندیخان دروستكردوە، بەشێوەیەك ئێستا چاوێكی دیكەی بەنداوەكەیان بۆ زیادكردنی بەرهەمێهنانی كارەبا بەرداوەتەوە، راگەیاند: لەماوەی تەنها سێ رۆژی رابردوودا لەسنوری قەزای دەربەندیخان 120 ملیم بارانباریوەو كۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵیش لەسنورەكە گەیشتۆتە 336 ملیم، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو تا ئەمكاتە بڕی 70ملیم بارانباری بوو، ئەوەش بۆتە هۆی داهاتێكی زۆری ئاو بۆ بەنداوەكە.
وتیشی: لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا 60 ملیۆن مەتر سێجا ئاو هاتوەتە ناو بەنداوەكەو بەهۆیەوە ئاستی ئاوی بەنداوەكە مەترێكی ستونی بەرزبوەتەوە، بۆیە بڕیاریانداوە بەرهەمهێنانی كارەبا زیادبكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: بەنداوەكە دوو ملیارو 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، ئێستا ملیارێك مەتر سێجای تێدایە، بەڵام بەهۆی كاریگەری بومەلەرزەكەی ساڵی رابردوەوە نایانەوێت ئاستی ئاوی بەنداوەكە زۆر بەرزبێتەوە، بۆیە بەریدەدەنەوە تا مەترسی بۆ سەر بەنداوەكە دروستنەبێت.
PUKmedia