یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لوبنان کۆدەبێتەوە


بەئامادەبونی دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێم و سیروان محەمەد جێگری سەرۆکی ژوورە بازرگانیەکان و ژمارەیەک لە ئەندامی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان، پێشوازیانکرد لە وەزیری دەرەوەی لوبنان و شاندی یاوەری.

لای خۆشیەوە جوبران باسیل، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان له‌ وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووساندا رایگەیاند ”هاتووین هانی وه‌به‌رهێنه‌ران بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌”.

باسیل وتیشی: “لوبنانییه‌كان به‌شداری له‌ گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ و سه‌ركه‌وتنه‌كانیان بۆ كوردستان و جیهان‌ گواستووه‌ته‌وه”‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “لوبنانییه‌كان به‌شداریێكی كارایان له‌ چالاكی گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمی كوردستاندا كردووه‌ و ناخۆشی و ئاڵۆزییه‌كان كۆتایی هاتوون، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین، ئێستا دۆخه‌كه‌ له‌باره‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌ی بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌رانی لوبنان بۆ هه‌رێمی كوردستان”، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، “ئێمه‌ بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌رانی وڵاته‌كه‌مان هان ده‌ده‌ین بۆئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان و كاری وه‌به‌رهێنان بكه‌ن”.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شاندێكی باڵای حكوومه‌تی لوبنان به‌ سه‌رۆكایه‌تی جوبران باسیل، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یشتنه‌ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك وه‌زیر و ژووره‌ بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌.