بارزگانان بە هەڵگرتنى خاڵە گومرکییە دڵخۆشن و بە هەنگاوى بوژاندنەوەى ئابوورى هەردوو پارێزگای دهۆک و نەینەوا ناوزەندى دەکەن و هاووڵاتییانیش دەڵێن، رێگەى هاتوچۆمان ئاسانتر دەبێتەوە.
جێگرى پارێزگاى نەینەوا، عەبدولقادر شنگالى وتى: “دواى ئەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا و ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆک داوایان لە حکوومەتى عێراق کرد کە خاڵى گومرکى لە نێوان پارێزگاى دهۆک و پارێزگاى نەینەوا هەڵبگیرێت، خۆشبەختانە ئەمڕۆ بە بڕیارى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەو خاڵە گومرکییە هەڵگیرا”.
عەبدولقادر شنگالى وتیشى: “هەماهەنگى و پەیوەندى بەردەوام لە نێوان ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا و پارێزگاى دهۆک هەیە، بۆ ئەوەى جموجۆلى بارزگانى و هاتوچۆى هاووڵاتییان بەبێ هیچ بەربەستێک لە نێوان هەردوولا بەردەوام بێت”.
سەرۆکى ژوورى بارزگانى و پیشەسازى دهۆک، ئەیاد حەسەن ئەم هەنگاوە بە گرنگ لە قەڵەم دەدات و دەڵێت “بوونى ئەو خاڵە گومرکییە لە نێوان دهۆک و مووسڵ کاریگەرى نەرێنى هەبوو لەسەر جموجۆلى بازرگانى و بازرگانانى نیگەران کردبوو، چەندین کاتژمێر رێگەى گەیشتنى بازرگانانى بە مووسڵ دوور کردبوویەوە، هەڵگرتنى ئەو خاڵە گومرکییە خاڵێکى گرنگە بۆ دەستپێکردنەوەى بارزگانى لە نێوان پارێزگاى دهۆک و پارێزگاى نەینەوا، جموجۆلێکى زیاتریش دەخاتە نێوان بازاڕى هەردوو پارێزگاوە”.
ئەیاد حەسەن ئاماژەى بەوەشدا کە نەهێشتنى هیچ خاڵێکى گومرکى لە نێوان پارێزگاى دهۆک و پارێزگاى نەینەوا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەى جموجۆلى بارزگانى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیل زیاتر بێت و بارزگانان زیاتر روو بە بارزگانیکردن لەو سنوورە بکەن.
دەشڵێت “بە هۆى ئەو خاڵە گومرکییە بارزگانان دەستبەردارى بارزگانیکردن بووبوون لەگەڵ پارێزگاى نەنیەوا، بەڵام لەمەودوا جموجۆلێکى بەرچاو دەکەوێتە بازاڕ و بازرگانى زیاتر بە پڕۆژە و بازرگانیکردن بە کەلوپەلى زیاترەوە دەگەڕێنەوە شارەکە”.
هاووڵاتییەکى دانشتووى قەزاى شێخان، بەناوى حەسەن محەمەد بە هەڵگرتنى ئەو خاڵە گومرکییەى نێوان پارێزگاى دهۆک و پارێزگاى نەینەوا دڵخۆشە و دەڵێت “رێگەى هاتوچۆمان ئاسانتر دەبێتەوە، ئێدى پێویست ناکات بە رێگەى هەولێر بچین بۆ مووسڵ، راستەوخۆ لە قەزاى شێخان بە رێگاى سەرەکى دهۆک – مووسڵ دەچین بۆ مووسڵ، ئێمە وەکو دانیشتوانى قەزاى شێخان لە رووى کارگێڕییەوە سەربە پارێزگاى نەینەواین کارەکانمان زیاتر لە پارێزگاى نەینەوایە”.
خاڵى گومرکى نێوان پارێزگاى دهۆک و پارێزگاى نەینەوا دەکەوێتە مەیدانى ئاڵوگۆڕى بارزگانى لە گوندى فلفێل سەربە قەزاى تلکێف، ئەو خاڵە گومرکییە بە دوورى ٤٦ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوورى پارێزگاى دهۆک و ٣٣ کیلۆمەتر باکوورى پارێزگاى نەینەوا.