د.بەشیر خه‌لیل حەداد: كوردستان له‌ قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى عێراق سوودمه‌ند ده‌بێت


جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ڕاى گه‌یاند، مەرج نییە هەرێمی کوردستان رێژەی له‌ 17%ی بودجە وەربگرێت، بەڵام دەکرێت لە خه‌رجى سیادی و هەندێک خه‌رجى تر سوودمەندبین.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م دووى كانوونى یه‌كه‌م، د.بەشیر خه‌لیل حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامەوانیدا لە شاری دهۆک رای گەیاند، نزیکەی 52 خاڵ سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق پێشکەش بە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران کراوە.

زیاتر وتى، لەناو ئه‌و 52 خاڵه‌دا نۆ خاڵ تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی، یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی زیاد بكرێت.

” مەرج نییە هەرێمی کوردستان رێژەی له‌ 17%ی بودجە وەربگرێت، بەڵام دەکرێت لە خه‌رجى سیادی و هەندێک خه‌رجى تر سوودمەندبین و له‌شوێنی تر پشكه‌كه‌ی زیاد بكه‌ین”. د.به‌شیر حه‌داد واى گوت.

هه‌روه‌ك جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه‌ى بۆ كرد، پشكی هه‌رێم به‌ گوێره‌ی رێژه‌كه‌ی له‌ قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت و گرنگە مووچە و ئیمتیازاتی پێشمەرگە بخرێتە سەر بودجەی وەزارەتی بەرگری عێراق.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێسته‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بودجه‌ى گشتیی عێراق له‌نێوان حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى عێراق به‌رده‌وامه‌ و كورد تا ئێسته‌ به‌و به‌شه‌ى بۆ دیار كراوه‌ نا ڕازییه‌ و هه‌وڵى به‌ ده‌ستهێنانى زیاتر ده‌دات.