“عێراق 133 ملیار دۆلار قه‌رزاره‌”



ھەوڵەکانی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەیە کە ٩٠ لەسەدی قەرزەکانی سەر عێراق و ئەو قەرزانەی کە لە رژێمی پێشووی عێراقەوە بۆ وڵات ماوەتەوە بسڕێتەوە و لەسەر عێراق ھەڵبگیرێت.

بەپێی لێدوانێکی وتەبێژ بەناوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عه‌بد ره‌زهره‌ هنداوی عێراق ١٣٣ ملیار دۆلار قەرزارە.

عه‌بد ره‌زهره‌ هنداوی پشتڕاستیکردەوە کە “قەرزەکانی سەر عێراق ١٣٣ ملیار دۆلارە کە قەرزە دەرەکییەکانی ٧٣ ملیار دۆلار دەبێت و ٤٩ ملیار دۆلاریش قەرزی ناوخۆییە”.

وتەبێژ بەناوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەوەشی ئاشکراکردووە کە “لەنێو قەرزە دەرەکییەکانی سەر عێراق ٤١ ملیار دۆلار قەرزەکانی وڵاتانی کەنداوە لەسەر رژێمی پێشووی عێراق و ئەم قەرزانە بێدەنگییان لەسەرە، واتە ھیچ باس ناکرێت و بەبێ سووە”.

سەبارەت بەو قەرزانەش عه‌بد ره‌زهره‌ هنداوی زیاتر دەڵێت “ھەوڵەکانی بانکی نێودەوڵەتی بەردەوامن بۆ سڕینەوە و ھەڵگرتنی ٩٠ لەسەدی ئەو ٤١ ملیار دۆلارە لەسەر عێراق، ھاوشێوەی رێککەوتنی یانەی پاریس”.