ئێران هەوڵ دەدات لەرێگەی زەعفەرانه‌وه‌ قەرەبووی زیانه‌کانی که‌رتی نه‌وت بکاته‌وه‌


لەگەڵ چوونەبواری جێبەجێكردنی سزاو گەمارۆكانی ئەمریكادا بەسەر ئێران كە لە مانگی رابرووشەوە ئەو سزایانە كەرتی نەوت و ئەنجامدانی مامەڵە بانكیەكانیشی گرتۆتەوە  حكومەتی تاران هەوڵ دەدات لەرێگەی زیادكردن و بەرزكردنەوەی هەناردەی كاڵا نانەوتیەكانیەوە قەرەبووی ئەو زیانانەی بكاتەوە كە بەهۆی ئەو گەمارۆیانەوە بەریكەوتوون و یەكێكیش لەو بەرهەمانەی ئێران شانازی پێوەدەكات و ئاستی هەناردەكردنی لێ‌ بەرزكردۆتەوە بەرهەمی رووەكی زەعفەرانەوه‌ كە بە ”زێڕی‌ سوور”یش ناوبانگ دەركردووە.

زەعفەران كە بۆنێكی خۆشی هەیە، لە دروستكردنی خۆراك‌و پیشەسازی جوانكاری‌و چارەسەری پزیشكیدا بەكاردەهێنرێت‌و بۆیە بەزێڕی سووریش ناسراوە چونكە نرخی یەك گرام لە زەعفەران كە كواڵێتیەكی بەرزی هەبێت دەگاتە 65 دۆلار، ئەمەش لەنرخی هەمان كێشی زێڕ گرانترە.

هاوكات هۆكاری گرانی نرخەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لەبەرهەمهێنان‌و كۆكردنەوەی گۆڵی زەعفەران‌و جیاكردنەوەی ڕیشاڵ یاخود بەكرەی نێو گوڵەكانیدا ژمارەیەكی زۆر كرێكاری پێویستە، بەجۆرێك بۆ كۆكردنەوەی 500 گرام لە زەعفەران، دەبێت 70 هەزار گوڵی زەعفەران بچنرێت‌و دواتر بەكرە یاخود ڕیشاڵی گوڵەكەی جیابكرێتەوە بۆ ئەوەی بۆ فرۆشتن ئامادە بكرێت.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی كشتوكاڵی ئێرانیش  ئێستا ئەو ووڵاتە بۆتە گەورەترین هەناردەكاری روەكی زەعفەران لەجیهانداو رێژەی لەسەدا 90ی بەرهەمی زەعفەرانی جیهان بەرهەمدێنێت

لەوبارەیەشەوە  جەواد میر عەرەب، یاریدەدەری وەزیری كشتوكاڵی ئێران رایگەیاند، لەماوەی 7 مانگی رابردوودا 135 تۆن روەكی زەعەفەرانیان هەناردەی دەرەوە كردووە كە بەهاكەی نزیكەی 178 ملیۆن دۆلار بووە‌و بەرارورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردووش بەرێژەی لەسەدا 27 ئاستی هەناردەكردنیان بەرزكردۆتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ ئەمساڵ 108 هێكتار زەوی كراوە بەزەعفەران‌و پێشبینیش دەكەن 400 تۆن زەعفەران لەئێران بەرهەم بهێنرێت، ئەمەلەكاتێكێدا ساڵانە لەجیهاندا تەنها 430 تۆن زەعفەران بەرهەم دەهێنرێت.

هاوكات  غوڵام رەزا میری، سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی زەغفەران رایگەیاند: وەرزی كۆكردنەوەو چنینەوەی بەرهەمی زەعفەران تاكو مانگی كانونی دووەم درێژەی دەبێت و چاوەروانیش دەكەن تا ئەو كاتە قەبارەی هەناردەكانیان بۆ بەرهەمی زەعفەران سەدا (50 بۆ 60) زیاد بكات هەروەك پێشبینیكرد بەهای هەناردەكانیان لەو بەرهەمە تاكۆتایی ساڵی ئێرانی كە 21 ئاداری 2018وە ەستی پێكردوە بگاتە 300 ملیۆن دۆلار.

جێی ئاماژەیە   ئێران یەكێكە لە گەورەترین ووڵاتانی هەناردەكاری بەرهەمی زەعفەران لەجیهانداو رێژەی سەدا (44)ی كۆی ئەو بەرهەمە دابین دەكات  هەروەك ئێران بەرهەمەكەی خۆی هەناردەی 56 وڵاتی جیهان دەكات  كە هەر یەك لەئیمارات‌و چین‌و ئیسپانیا لەپلەی یەكەمی كڕیارانی ئەو روەكەدان و بەتەنهاش ئیسپانیا نزیكەی سەدا (23)ی كۆی بەرهەمەكەی لێ‌ دەكرێتەوە.

هەروەك بۆ ساڵی رابردوش لە ئێران 367 تۆن زەعفەران بەرهەم هاتووەو لەو ژمارەیەش 236 تۆنی لێ‌ هەناردەكراوە.