باڵیۆزى هیندستان: نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كڕین


ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ شاندێكی كۆمپانیا بازرگانیه‌كانی هیندستان كه‌ له‌ 25 بۆ 30 كۆمپانیا پێكهاتوون، له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ژووره‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ و باڵیۆزى هیندستانیش له‌ عێراق ئاشكراى كرد “نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كڕین و بۆ هیندستانی ده‌نێرین”.

“دارا جه‌لیل” سه‌رۆكی یه‌كێتیی ژووره‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌ مانگی داهاتوودا رێككه‌وتنی بازرگانی له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی هیندستان ئه‌ندام ده‌ده‌ن و دیداری بازرگانی ئه‌مڕۆش بۆ گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بووه‌.

هه‌ر له‌ میانه‌ى كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا “برادیب سینغ” باڵیۆزى هیندستان له‌ عێراق رایگه‌یاند، پێشتر راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ عێراق مامه‌ڵه‌ی بازرگانیان كردووه‌، به‌ڵام له‌مه‌ودوا راسته‌وخۆ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كه‌ن و شاندێكی بازرگانی هیندستانیش چوار رۆژه‌ له‌ عێراقه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی گرێبه‌ستى لێكتێگه‌یشتنی بارزگانی له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كان.

باڵیۆزى هیندستان له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد “په‌ره‌ به‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی مادده‌ خۆراكیه‌كان ده‌ده‌ین و له‌ داهاتوودا نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كڕین و بۆ هیندستانی ده‌نێرین”.