له‌م زستانه‌ 12 كاتژمێر كاره‌بای نیشتیمانى به‌هاوڵاتیان ده‌درێت

محه‌مەد هەورامانى وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هه‌رێمى كوردستان ڕایده‌گه‌ێنێت ، خشته‌ و پێدانى كاره‌بای نیشتیمانى به‌هاوڵاتیان له‌زستادا 12 كاتژمێر ده‌بێت.

ڕاشیده‌گه‌ێنێت ، وه‌زاره‌ت به‌پێى ئه‌و خشته‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پێدانى كاره‌بای نیشتیمانى به‌هاوڵاتیان ، ته‌نیا له‌كاتێك كاته‌كانى كاره‌با به‌هاوڵاتیان زیاتر ده‌بێت ئه‌گه‌رغاز زیاد بێت ئه‌وكاته‌ پێدانى كاره‌با به‌هاوڵاتیان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت.

له‌راگه‌یاندراوی پێشووی وه‌زاره‌تى كاره‌بای هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر زیاد بوونى ڕێژه‌ى به‌رهه‌م هێنانى كاره‌با و پێدانى به‌هاوڵاتیان ڕایگه‌یاند ، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە ماوەی چەند مانگی رابردووی ساڵی 2018 توانیویەتی بە تێکرا 2300 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت و دابەشی بکات بە سەر هاوبەشانی کارەبا .

بەخۆشحاڵیەوە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا گۆڕانکاری لە بەرهەمهێنانی کارەبا روودەدات بە هۆی زیاد بوونی رێژەی بەرهەم هێنانی گازی سروشتی لە گێڵگەکانی (کۆرمۆر و خوڕمەڵە) کە پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی کارەبا بە چەند قۆناغێک لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست پێبکات بە زیادبوونی لە 2300 مێگاوات دەبێتە 3500 مێگاوات، بەمەش بەرهەمهێنانی کارەبا بە رێژەی لە 50% بەرەو زیاد بوون دەچێت و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد دەبێت وهاوڵاتیان سوودمەندی سەرەکی دەبن .

وەزارەتی کارەبا بە پێ ی بەرنامەی دارێژراو دەستی کردوە بەجێبەجێکردنی (پرۆژەی تۆری زیرەک) کە یەکسانی دەبەخشێت بە هاوڵاتیان لە سوودی کارەبا ئەم پرۆژەیە تاکوو کۆتایی ساڵی 2019 بە پێ ی پلانێکی وەزارەت جێبەجێدەکرێت و کارەبای بە فیرۆچوو کە رێژەکەی لە نێوان 25% – 30% کارەبای بەرهەم هێنراوە دەگەرێتەوە ناوتۆڕی کارەبای نیشتمانی و ئەم زیادەیەش جارێکی تر هاوڵاتیان لێی سوودمەند دەبن.