كۆنسولی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، سەعدوڵڵا مەسعودیان رایگەیاند، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوامیان هەیە و لە هەوڵی كردنەوەی زیاتری دەروازە سنوورەكانی نێوان هەردوولادان.
سەعدوڵڵا مەسعودیان وتی: “لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەشت خاڵی سنووریمان هەیە، لەوانەش مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێزخانمان هەیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەندێ بازاڕچەی مەرزیش وەك سەیرانبەن و شوشمێ و ئەگەر كیلێ (لە سنوری قەڵادزە)ش حساب بكەین سەربە پارێزگای سلێمانی-یە، ئێستاش لایەنی پەیوەندیداری پارێزگای هەڵەبجە لە هەوڵدان كە بازاڕچەیەكی سنووری دروست بكەن و لە قەڵادزێش بەهەمان شێوە هەوڵ هەیە”.
سەعدوڵڵا مەسعودیان وتیشی: “ئەو هەوڵانەی لە لایەن خەڵكی عێراق و كوردستانی عێراق بۆ كردنەوەی مەرزی نوێ دەیدەن لە نێوان ئێران و كوردستانی عێراق نیشانەی ئەوەیە كە بە پەرۆشن و بە پێویستی دەزانن كە ئەو بازارچە و مەرزانە بكرێنەوە”.
كۆنسولی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی ئاماژەی كرد بەوەی زۆربەی لایەنی پەیوەندیداری دەسەڵاتی خۆجێیی كوردستانی عێراق ئامادەیی كردنەوەی ئەو مەرزانەیان هەیە و هیوای خواست هەردوو لایەنی پەیوەندیداری بەغدا و تاران بە ئەنجامێكی باش بگەن و بتوانن لە سنووری هەڵەبجەش مەرزێكی نێودەوڵەتی فەرمی و بازاڕچەیەك بكەنەوە و لە بەشەكانی باكوور و باشووری سلێمانی ئەو جۆرە بازاڕانە فراوان بكەن.
سەعدوڵڵا مەسعودیان ئەوەشی وت “ئێران لەبەرنامەیدا هەیە كە ناوچەیەكی بازرگانی ئازاد بكاتەوە و پەرلەمانیش بڕیاری لەسەرداوە، بۆ ئەو مەبەستە كۆمەڵێك رێكاری یاسایی هەیە بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوە بەیەكجاری ئەنجام بدرێت، ئەو رێكارانەش رەنگە یەك یان دووساڵی تر بخایەنێت و كاتی پێویستە بۆ جێبەجێكردن و كردنەوەی، بەڵام ئەو هیوایە هەیە كە مەرزی مەریوان و بانە لە خاڵی باشماخ ئەو ناوچەیەی بازرگانی ئازاد لەخۆبگرێت”.
بە وتەی بەرپرسانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان لە ساڵێكدا بۆ شەش ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، لە بەرامبەردا كۆنسولەكەی ئێران لە سلێمانی باس لەوە دەكات پلانیان هەیە ئەو قەبارەیەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بۆ 10 ملیار دۆلار بەرز بكەنەوە و بەشێكی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانیش لە رێگەی بازاڕچە سنوورییەكانەوە ئەنجام دەدرێت.
لە لای خۆیەوە جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، كاوە عەلی وتی: “لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دوو مەرزی سنووریمان هەیە كە كاریان تیادا كراوە و چاوەڕوانی بە نێودەوڵەتیكردنیان دەكەین، ئەوانیش مەرزەكانی تەوێڵە و پشتەیە”.
كاوە عەلی وتی: “لە هەردوو مەرزەكە ئامادەكاری تەواوكراوە و لە لایەنی عێراقیش نووسراو و رێوشوێنەكان تەواوكراوە و بە نووسراو ئاراستەی لایەنی بەرپرسی ئێرانی كراوە و چاوەڕوانی وەڵامی فەرمی ئێران دەكەین بۆ كردنەوە و بە رەسمی ناساندنی هەردوو مەرزەكە وەك دوو مەرزی نێودەوڵەتی لە سنووری هەڵەبجەدا”.
پێشتر لیژنەیەكی تایبەتی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی عێراق سەردانی ئەو مەرزانەی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی كرد بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رێوشوێن و ئامادەكارییەكان بۆ بەرەسمی ناساندنیان و كردنیان بە مەرزی نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا.