نوێنەری 80 كۆمپانیاو كارگەی توركیا سەردانی سلێمانی دەكەن


ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و وەفدێكی بازرگانی توركیا كۆبونەوە و لەپێناو پەرەپێدان بە كەرتی بازرگانی و زیادكردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی شمەك لە نێوان هەردولادا لێكتێگەیشتنێكی بازرگانیان واژۆ كرد، وەفدە بازرگانییەكەی توركیا بەڵێن، دەدات لەگەڵ حكومەتی توركیا گفتوگۆ بكەن لە پێناو دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانیەكان لە توركیاوە بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی، كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بە بڕیاری ئەنقەرە راگیراوە.

بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییە بازرگانیەكانی  پارێزگای سلێمانی و توركیا وەفدێكی هاوبەشی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی ئامەدو باتمان سەردانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەكەن.

 ئەمە واژۆكردنی لێكتێگەیشتنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و وەفدێكی بازرگانی هەردوو شاری ئامەد ‌و باتمانی باكوری كوردستانە.

یەكەمجارە وەفدێكی بازرگانانی باكوری كوردستان و توركیا لەسەر  ئەو ئاستە سەردانی سلێمانی بكات، كە نوێنەرایەتی 80 كۆمپانیا و كارگەی ئەو وڵاتەیان كردوە، ئەوەش واتای ئەوەیە توركیا خواستی هەیە ئاڵوگۆڕیی بازرگانیەكانی لەگەڵ هەرێم بە تایبەت سلێمانی بەرەو پێش ببات.

لە ساڵی رابوردو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیا نزیكەی 10ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە سەدا 30 بۆ هەرێمی كوردستان بوە ئەوی دیكەی بۆ عێراق بووە. 

سەرۆكی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازیی ئامەد باس لەوە دەكات، هەوڵدەدەن قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی لەگەڵ كوردستان و سلێمانی زیاد بكەن‌و هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ لە پێناو گەشتە ئاسمانیەكان لە توركیاوە بۆ  فڕۆكەخانەی سلێمانی، سەرۆكی كارسازانی ژنانی ئامەدیش دەڵێت: خوازیارن پەیوەندییەكانیان فراوان بكەن.

یەكەمجارە لە پارێزگای سلێمانیدا وەفدێكی واگەوەری بازرگانی توركیا لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی كۆبێتەوە، واژۆكردنی لێكتێگەیشتنێك، كە لە زۆربورادا ئەنجام بدەن، ئەم واژۆكردنەش لە ئێستادا كاریگەری خۆی دەبێت بەتایبەت، كە گەمارۆی ئابوری لەلایەن ئەمریكاوە خراوەتە سەر ئێرانی هاوسێی هەرێمی كوردستان، وەسەردانی ئەم وەفدەی بازرگانانی توركیا ببێتە هۆكاری بوژاندنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێم و توركیا.