بەرزان كەریم بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی گەرمیان رایگەیاند: لە ئەمڕۆوە لە گەرمیان دەستدەكرێت بە جێبەجێكردنی بڕیارێكی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراو و زیندانیانی سیاسی و راگیراوانی پرۆسەی ئەنفال, داواشی لە هەریەك لە شارەوانییەكانی كفریو ناحیەی سەرقەڵاو ناحیەی رزگاری كرد كە لە ئەمڕۆوە دەست بكەن بە كاروبارەكانی دابەشكردنی زەوی كە پێشتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رەزامەندی لەسەر نیشانداوە.
وتیشی: دابەشكردنی زەوی، كەسوكاری شەهیدانو ئەنفالكراوانو زیندانیانی سیاسیو راگیراوانی پڕۆسەی ئەنفال دەگرێتەوەو بۆ ئەو مەبەستەش ئەو شارەوانیانەی زەوی پێویستیان هەیە دەست بە دابەشكردنی زەوی دەكەن، ئەو شارەوانیانەش زەوی ئیفرازكراویان نییە ئامادەكاری بۆ ئیفرازكردن و دابەشكردنی دەكەن.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی گەرمیان راشیگەیاند: كە هەر سێ سەرۆك شارەوانی كفری و ناحیەی سەرقەڵا و ناحیەی رزگاری ئاگاداركراونەتەوە لەوەی پێویستە پەلەبكەن لەپێناو راییكردنی كاروباری هاوڵاتیان و كارئاسانی بكەن بۆ بەڕێكردنی كاروباری رۆژانەیان.