حكومەتی عێراق هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ 100 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا بەرزدەكاتەوە

حكومەتی عێراق هەناردەی نەوتی كەركوك لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە بەرزدەكاتەوە بۆ 100 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا. 

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك، وەزیرانی عیراق لەكۆنفرانسی رۆژنامەوانیی هەفتانەی رایگەیاند, هەناردەكردنی نەوتی كەركوك لەرێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێكردوەتەوەو هەوڵدەدەن هەناردەی رۆژانە بەرزبكەنەوە لە60 هەزار بەرمیل بۆ 100 هەزار. 

راشیگەیاند, پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا باشە و هەوڵدەدەن باشتری بكەن. 


لەبارەی هەشت وەزارەتە بەتاڵەكەی كابینەكەی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند, ئەنجومەنی نوێنەران هەفتەی داهاتوو كۆدەبێتەوەو متمانە دەدرێت بەكاندیدی ئەو وەزارەتانەو كابینە وەزارییەكەی تەواو دەبێت. 

لەبارەی جموجۆڵەكانی داعش، سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی, هێزە ئەمنیەكان بەردەوامن لەئۆپراسیۆنەكانیان دژی شانە نوستەوەكانی داعش بۆ ئەوەی بەربگرن بەو كارە تیرۆریستیانەی ناوە ناوە ئەنجامی دەدەن.