، هەناردەكردنی فەرشی ئێرانی بۆ ئەمەریكا ڕادەگیرێت

بەهۆی گەمارۆ ئابووریەكانی واشنتۆنەوە، هەناردەكردنی فەرشی ئێرانی بۆ ئەمەریكا ڕادەگیرێت.

(عەبدوڵا بەهرامی) سەرۆكی كۆمەڵەی هەناردەی كاری دەستی ئێران ڕاگەیاند، بەهۆی جێبەجێكردنی سزاكانی سەر واشنتۆنەوە بۆ سەر تاران، لە ڕۆژی ٦ی ئەم مانگەوە هەناردەی فەرشی وڵاتەكەی بۆ ئەمەریكا ڕاگیراوە، لەئێستاشدا هەوڵەكانیان چڕ كردۆتەوە، بۆ ئەوەی بە هەناردەكردنی ئەو بەرهەمە بۆ روسیاو چین‌و باشووری ئەفریقا ئەو كەلێنەی دروست بووە پڕی بكەنەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەماوەی رابردوودا بەرێژەی لەسەدا 35ی فەرشی ئێران هەناردەی ئەمریكا كراوە، بۆیە لەئێستادا دڵگرانن لەوەی ئەو بازاڕە گرنگەیان لەدەستداوە.

بەپێی زانیاریەكانی وەزارەتی پیشەسازی‌و كانزاكانی ئێران، ملیۆنێك‌و 500 هەزار كەس لە كەرتی پیشەسازی فەرش كاردەكەن‌و ساڵانە 400 هەزار تۆن فەرش دەچنن، كە لەسەدا 80ی هەناردەی دەرەوە دەكرێت، كە داهاتی ساڵانەی 400 ملیۆن دۆلارەو 120 ملیۆن دۆلاریشی لە بازاڕەكانی ئەمەریكاوە دەستیان كەوتووە.