ئێران: بە دینار مامەڵە لەگەڵ عیراق ناكەین

ئێران ڕەتیدەكاتەوە، پارەی غازی هەناردەكراوی وڵاتەكەی بۆ عیراق بە دینار وەربگرێت، ڕەتیشیدەكاتەوە لەبری ئەو غازەی هەناردەی دەكات لەلایەن عیراقەوە كاڵای مرۆیی و خۆراكی پێبدرێت.

ئاژانسی (ئیسنا) لە زاری (ئەمیر حسێن زەمانی) جێگری وەزیری نەوتی ئێران بۆ كاروباری نێودەڵەتی بڵاویكردۆتەوە، كۆمپانیای غازی نیشتمانی ڕازیی نییە بە پێشنیارەكەی عیراق تا پارەی هەناردەكراوی غاز بە دینار وەربگیرێت، دانوستانەكانیش لەو بارەیەوە  بەردەوامیان هەیە.

راشیگەیاندووە، بەپێی ڕێكەوتنەكە دەبێت عیراقییەكان پارەی كڕینی غاز بە یۆرۆ بدەن، ئەمەش گرنگە بۆ ئێمە و دەكرێت لێوەی بگەینە چارەسەر.

سەبارەت بەو هەواڵانەش، كە باس لەوە دەكەن عیراق لەبەرانبەر غازدا، كاڵای مرۆیی و خۆراكی پێشكەش بە ئێران بكات، زەمانی تەئكید كردۆتەوە، كە ئەوە قسەیەكی ڕاست نییە، بەڵكو ڕاستییەكەی ئەوەیە، داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتەكانی تریش، كە لە دەرەوەی وڵاتن، دوور نییە ڕووبەڕووی كۆت‌و بەندی بەكاربردن ببنەوە، ئەمەش تەنیا هەر بە كاڵا مرۆیی‌و خۆراكیشەوە ناوەستێت، بەڵكو كاڵاكانی تریش دەگرێتەوە.