بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەیەكیان لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی ھەرێم ئەنجام داوە و، تێیدا داواكاریی كوردیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا ئامادە كردووە و ئاڕاستەی بەغدایان كردووە. دەشڵێ، سەرۆكی حكوومەت باسی لەوە كردووە كە پابەندی بودجە دەبن ئەگەر داواكارییەكانی كورد جێبەجێ بكرێن.
د. فازڵ نەبی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “كورد كۆمەڵێك تێبینیی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە ھەیە و وەزارەتی دارایی حكوومەتی ھەرێمیش كۆمەڵێك تێبینیی ھەبووە، بۆیە لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم لە وەزارەتی دارایی كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا سەبارەت بە داواكاریی كورد لە بودجەدا و منیش یەكێك بووم لە بەشداربووان، كە چەند وەزیرێك و پسپۆڕی ئابووری بەشدار بوون و لە كۆبوونەوەكەدا چەند پێشنیازێك كران كاتێك كورد دەچێتە بەغدا و داواكاریی خۆی بۆ پشكی ھەرێم لە بودجەدا پێشكەش دەكات”.
نەبی، وتیشی: “پێشنیاز كرا پشكی ھەرێم وەكوو ساڵانی پێشوو بگەڕێتەوە و نەفەقاتی سیادی كە زیاد كراون، داوامان كرد ئەوانەی كە بڕەكەیان زۆرە لاببرێن و دوای نەفەقاتی سیادی ھەندێك نەفەقاتی دیكە لە بودجە دەركرابوون، وەك ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان و پێدانی پارەی وەبەرھێنەران، ئەمانە بگەڕێندرێنەوە ناو بودجە و لە ھەر شوێنێك ناوی پارێزگاكان هێنرابێت، پێویستە بۆ ھەرێمی كوردستان بگۆڕدرێت و ئەوەی پێشمەرگەیش ھەندێك گۆڕانكاریمان تێدا كردووە، بۆیە پێویستە پشكی ھەرێم لەسەر ئەو بنەمایە دابین بكرێت و سەرۆكی حكوومەتیش ڕەزامەندیی لەسەر ئەو پێشنیازە داوە، ئەگەر حكوومەتی عێراق جێبەجێی بكات، ئێمەیش پابەند دەبین بە داواكاریی ئەوانەوە”.
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، هەروەها دەشڵێ: “ئەو پێشنیازانەی كورد بە نووسراوێك لە رێگەی وەزیری داراییەوە ئاڕاستەی بەغدا كراوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیری بكەن، بۆیە ئەمڕۆیش حكوومەت و پەرلەمان كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن و ئومێدمان زۆرە ئەو كێشانە چارە بكرێن كە لەماوەی ڕابردوودا ڕویان داوە و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمیش باسی لەوە كردووە كە پابەندی بودجە دەبن ئەگەر داواكاریی كورد وەك داوامان كردووە جێبەجێ بكرێن”.
ئاماژەیشی دا، سەرۆكوەزیرانی عێراق دۆستی كوردە و لەگەڵ گەڕانەوەی پشكی ھەرێمی كوردستانە لە بودجەدا، بەڵام ئەویش كێشەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ھەیە، بۆیە دەیەوێت بە رەزامەندیی ھەموو لایەك كێشەی بەشەبودجەی ھەرێم چارە بكرێت، نەك تەنیا خۆی ئەو بەرپرسیارەتییە بگرێتە ئەستۆ و دواتر ئەو بە بەرپرسیار دابنرێت.