گومرگی هاوردەكردنی شیش ‌و چیمەنتۆ بووە دووهێندە

لەپێناو پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆ، گومرگی هاوردەکردنی شیش و چیمەنتۆ بۆ نێو هەرێمی کوردستان دەبێتە دووهێندە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان  راگەیاند، بە هاوكاری وەزارەتی بازرگانی و لەپێناو پشتیوانیکردنی بەرهەمی نێوخۆیی، ئەو بڕیارەیان داوە، گوتیشی “چەندین كارگەی گەورەی ناوخۆی شیش ‌و چیمەنتۆمان هەیە، ناكرێت ئەوان بێ‌ كاربن ‌و لە دەرەوە وڵات بەرهەمی هاوشێوە هاوردە بکرێت، ئێمە تەنیا گومرگمان زیادكردووە، ئەوەش لە هەموو وڵاتێكدا بۆ بەرژەوەندی گشتی دەكرێت”.

لە بارەی ئەو چەند خاڵە گومرگییەی كە لە نێوان عێراق ‌و هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دانراون ‌و بوونەتە گرفت بۆ بازرگانان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان وتی “لەگەڵ عێراق رێككەوتنمان بۆ لابردنیان كردووە، بەڵام جارێ‌ نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهیوای ئەوەی لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەو خاڵە گومرگیانە لاببەن”.

دوای شەڕی داعش، ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی عێراق دەستیپێكردووە، كە ماوەیەكی زۆر شەڕیان تێدا بووە، ئەوەش بووەتە دەرفەتێك بۆ بازرگانانی شیش ‌و چیمەنتۆ تاوەكو لە دەرەوە وڵات بەرهەمی زۆر هاوردە بكەن لەئێستاشدا  بە بڕیارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گومرگی هاوردەكردنی تۆنێك شیش 10% بووەتە 20%، تۆنێك چیمەنتۆش 15% بۆ 30% زیادی كردووە.