كارگەكە لە لایەن گرووپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە كە سەربە كەرتی تایبەتە لە میانی چوار مانگدا دامەزراوە و هەفتەی رابردوو بە رەسمی كرایەوە، لەئێستادا ژمارەیەكی زۆری جووتیارانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان رۆژانە بەرهەمەكانیان دەبەنە ئەو كارگەیە و زەیتی زەیتونی لێ بەرهەم دەهێنن.
بەڕێوەبەری كارگەكە، پەیام سەیوان رایگەیاند: “پڕۆژەكە زیاتر پڕۆژەیەكی خزمەتگوزارییە بە شارەكە و جووتیارانی هەرێمی كوردستان، ئامانج لێی ساغكردنەوەی بەرهەمی زەیتونی خۆماڵی جووتیاران و هاندانی جووتیارانە بۆ زیاتركردنی رێژەی سەوزایی و دابینكردنی هەلی كار لە ناوچەكە”.
پەیام سەیوان وتی: “لە كارگەكەدا پێشكەوتووترین ئامێر بەكارهاتووە كە دروستكراوی ئیتاڵیایە و لە 14 بەش پێكهاتووە، توانای بەكاربردنی 120 تۆن زەیتونی هەیە لە 24 كاتژمێردا، ئەو رۆنەشی بەرهەم دەهێنرێت تەواو سروشتییە و لە گلاسی EXTRA VIRGIN ە و سوودێكی گەورەی تەندروستی هەیە”.
دوای كردنەوەی كارگەكە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر جووتیار لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانەوە زەیتونەكانیان دەبەنە ئەو كارگەیە و زەیتی زەیتونی لێ بەرهەم دەهێنن، بۆ یەك تۆن زەیتون و گۆڕینی بۆ زەیت لە كارگەكەدا بڕی 150 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێت و نرخی یەك كیلۆگرام لەو رۆنەش دەگاتە 20 هەزار دیناری عێراقی.
لەئێستادا وەرزی وەرگرتنەوەی زەیتونە لە هەرێمی كوردستان و جووتیاران زەیتونەكانیان دەچننەوە، بەڕێوەبەری كارگەكەش دەڵێت دەتوانن بەرهەمی هەموو جووتیارانی هەرێم وەربگرن و بۆ ماوەی دوو ساڵیش زەیتی زەیتونەكە هەڵبگرنەوە لەگەڵ پاراستنی جۆرەكەی.
عەبدوڵڵا عەلی جووتیارێكی ناوچەكەیە كە بەرهەمی زەیتونی ئەمساڵی هێناوە و زەیتی زەیتونی لێ بەرهەم دەهێنێت، ئەو ئاماژەی كرد بەوەی پێشتر كێشەی گەورەیان ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكانیان بووە لە بازاڕدا، بەڵام لەئێستاوە دەتوانن دڵنیابن لە ساغبوونەوەی بەرهەمەكانیان و هەوڵ بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر بدەن.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كـشتوكاڵ و سەرچاوەیەكانی ئاوی هەرێم لە هەرێمی كوردستان، دە هەزار دۆنم زەوی چێنراو بە زەیتون هەیە كە نزیكەی دوو ملیۆن داری زەیتونیان لەخۆگرتووە، تەنها لە سنووری هەڵەبجە و دەورووبەری زیاتر لە سێسەد دۆنم زەوی چێنراو بە زەیتون هەیە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016 بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ئیتاڵیا كـارگەیەی زەیتی زەیتونی هەولێر كرایەوە، كارگەكە ساڵانە بۆ ماوەی دوو مانگ كار دەكات و لە توانایدایە رۆژانە 40 تۆن زەیتون بكات بە رۆن.
پێشتر كێشەی گەورەی جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ساغكردنەوەی زەیتونەكانیان بوو كە بە پارەیەكی كەم لە بازاڕدا دەیانفرۆشت، بەڵام كردنەوەی ئەو كارگەیە و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان و بەرهەمهێنانی زەیت، دەبێتە هاندەری زیاتر بۆ جووتیاران و بەرهەمهێنانی زیاتری زەیتون لە ناوچەكەدا.
هەرێمی كوردستان لە رووی خاك و ئاووهەواوە گونجاوە بۆ چاندنی زەیتون كە بە بەرهەمێكی خۆراكی گرنگ دادەنرێت و بە هۆی سوودە زۆرەكانییەوە هاووڵاتییان زیاتر روویان لە خواردنی زەیتون و بەكارهێنانی زەیتەكەی كردووە لە دروستكردنی خواردندا.