یه‌كه‌مین دیداری هاتووچۆ له‌ سلێمانی ساز ده‌كرێت


به‌بۆنه‌ی ڕۆژی 18-11 ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتووچۆ، به‌ڕێوه‌به‌راتی هاتووچۆ پارێزگای سلێمانی یه‌كه‌مین دیداری هاتووچۆ له‌ژێر دروشمی  به‌ره‌و پێشخستنی سیستمی هاتوچۆ  به‌به‌شداری دامو ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان و كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی و شاره‌زاو خه‌مخۆری بواری هاتووچۆ له‌ شاری سلێمانی ڕێکده‌خات.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆ پارێزگای سلێمانی ئاماژه‌ی به‌ مه‌ترسییه‌كانی ڕووداوه‌كانی هاتووچۆ له‌ جیهاندا كردووه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ر جیهان یه‌ك ملیۆن و 300 هه‌زار هاووڵاتی ده‌بنه‌ قوربانی و زیاتر له‌ 50 ملیۆن كه‌سیش بریندار ده‌بن.
    
    ئه‌مه‌ش ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

به‌یاننامه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی
    
    
ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتووچۆ

به‌هۆی ئه‌و كاریگه‌رییه‌ گه‌وره‌یه‌ی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ له‌سه‌ر گیان و ماڵی هاوڵاتیان هه‌یه‌تی  له‌پێناوی ڕاكێشانی سه‌رنجی وڵاتان بۆ بایه‌خدان به‌ سێكته‌ری هاتوچۆ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ سیستمێكی سه‌لامه‌تخوازانه‌ بێت، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان  سێهه‌مین یه‌كشه‌مه‌ی مانگی  نۆڤه‌مبه‌ری هه‌موو ساڵێكی به‌ ڕۆژی جیهانی یادكردنه‌وه‌ی قوربانیانی هاتوچۆ دیاری كردووه‌.

مه‌ترسیه‌كانی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ له‌جیهاندا هێنده‌ زۆرن هه‌مووساڵێك زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و سێسه‌دهه‌زار هاوڵاتی گیان له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن ، زیاتر له‌ په‌نجا ملیۆن بریندار ده‌بن و ملیۆنانیش به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانیانه‌وه‌ ده‌بنه‌ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت. زیانه‌ ماددیه‌كانیشی به‌ ملیارات دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی وڵاته‌ مه‌ترسیداره‌كاندان له‌ڕووی هاتوچۆوه‌و ساڵانه‌ نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕووداوه‌كانی هاتووچۆ گیان له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن و هه‌زارانیش بریندار ده‌بن به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونی شۆفێران به‌ یاساو ڕێنماییه‌كانی هاتووچۆو خراپی به‌شێكی زۆری ڕێگاوبانه‌كان و نه‌بوونی مه‌رجه‌كانی توندوتۆڵی ئوتومبیله‌كانه‌وه‌.

نه‌بوونی گواستنه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵ و لاوازی گواستنه‌وه‌ی گشتی وایكردووه‌ كه‌ هاوڵاتیان له‌هه‌موو هاتووچۆیه‌كیاندا ئوتومبیل به‌كار بهێنن، ئێمه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی پارێزگای  سلێمانی وێڕای نیگه‌رانی زۆری خۆمان به‌رامبه‌ر به‌ زیانه‌ گیانی و ماددیه‌كانی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ  هاوخه‌می خۆمان  بۆهه‌موو كه‌سوكاری قوربانیان ڕاده‌گه‌یه‌نین . له‌هه‌مانكاتدا داوا له‌ شۆفێران ده‌كه‌ین پابه‌ند بن به‌ یاساو ڕێساكانی هاتوچۆوه‌و گیانی خۆیان و ئه‌وانی تریش له‌ ڕووداوه‌كان بپارێزن. هه‌رله‌م بۆنه‌یه‌دا داوا له‌ هاوڵاتیانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین پشتیوان و هاوكارمان بن له‌لێپرسینه‌وه‌ی سه‌رپێچیه‌كان  چونكه‌ ئێمه‌ وه‌ك له‌درووشمی یه‌ك مانگی ڕابردووی هه‌ڵمه‌تی هوشیاری بۆشۆفێرانداڕامانگه‌یاندبوو (ئامانجمان سزادانیان نیه‌، په‌رۆشی سه‌لامه‌تیتانین) هه‌روه‌ها داوا له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كه‌ین هاوكارمان بن له‌ دابینكردنی  پێداویستیه‌كانی  شه‌قام و ڕێگاوبانه‌كان بۆ هێڵكاریكردن و دانانی هێماو تابلۆكانی هاتووچۆو باشكردنی ژێرخانی هاتووچۆ، هه‌روه‌ها داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی و وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ ده‌كه‌ین  كه‌رتی گواستنه‌وه‌ی گشتی چالاك بكه‌ن و هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵك دابین بكه‌ن. داوا له‌ هه‌موو دامو ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان و ڕاگه‌یاندنه‌كان و ڕای گشتی ده‌كه‌ین  هه‌موومان با پێكه‌وه‌ دژی تیرۆری سپی ڕاوه‌ستین و با پلانی ساڵانه‌مان هه‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی قوربانیه‌كان.

هه‌رله‌م بۆنه‌ جیهانیه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م دیداری هاتوچۆ ڕێكده‌خات له‌ژێر دروشمی ( به‌ره‌و   پێشخستنی سیستمی هاتوچۆ ) به‌به‌شداری دامو ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان و كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی و شاره‌زاو خه‌مخۆری بواری هاتووچۆ، هه‌رهه‌نگاوێك بۆ پێشخستنی سیستمی هاتووچۆ  له‌پێناوی كه‌مكردنه‌وه‌ی قوربانییه‌كان و باشتر ڕێكخستنی هاتووچۆی سه‌ر شه‌قام و ڕێگه‌وبانه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ كوالێتی خزمه‌تگوزاریه‌كانی هاتووچۆدایه‌.

باهه‌موومان له‌ خه‌می پاراستنی گیانی هاوڵاتیاندا بین له‌ ڕووداوه‌كانی هاتووچۆ

باهه‌موومان  به‌ڕووی سه‌رپێچیه‌كانی هاتووچۆدا بوه‌ستینه‌وه‌و ڕێگه‌نه‌ده‌ین كه‌سانی سه‌رپێچیكار ببنه‌هۆی له‌ناوبردنی ئه‌وانی تر باهه‌موومان پێكه‌وه‌ كار بۆ هاتووچۆیه‌كی باشترو پێشكه‌وتووتر بكه‌ین.