ئەمرۆ ھەینی ھەناردەی نەوتی کەرکوک لە رێگەی بۆریەکانی ھەرێمەوە بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا دەستیپێکردەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی بەرپرسی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەمرۆ ھەینی ھەناردەی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا دەستیپێکردووەتەوە دوای ئەوەی ماوەی زیاتر لە ساڵێک راگیرابوو.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە، ئەو گۆڕانکارییە سەرکەوتنی ئەمریکایە بۆ نەھێشتنی ناکۆکییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد لەپێناو ھاوکاریکردن و چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی نەوتی خاوی ئێران لە ناوچەکەدا دوای ئەوەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەردا سەپاند.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستپێکردنەوەی ھەناردەکە وەک یەکەمجار ئاستێکی ناوەندی ھەیەو رۆژانە ٥٠ بۆ ٦٠ ھەزار بەرمیل ھەناردە دەکات بە بەراورد بە ئاستەکانی پێشوو کە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل بووە لە ساڵی ٢٠١٧ دا، بەڵام روون نییە کەی و لە چ کاتێکدا ئاستی ھەناردەکە بەرز دەکرێتەوە.
لەدوای ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان و سەپاندنی سزاکانی بەغدا، ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لە رێگەی بۆرییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە راگیرا، لەچەند رۆژی رابردووشدا بڵاوکرایەوە کە ھەرێمی کوردستان و عێراق گەیشتونەتە رێککەوتن بۆ ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لە رێگەی بۆرییەکانی ھەرێمەوە.