ئابووریی ئێران دوچاری ھەڵاوسانێکی گەورە دەبێت

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکیدا پێشبینیی کردووە ئابووریی ئێران دوچاری ھەڵاوسانێکی گەورە بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا قۆناغی دووەمی سزاکانی سەر ئێرانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەدووری زانیوە ئەو چەقبەستنە ئابووریەی ئێران کاریگەریی لەسەر ئابووریی وڵاتانی دراوسێ ھەبێت.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنە ئەتۆمیەکە و گەڕاندنەوەی سزاکان لەسەر ئێران، ئابووریی ئەو وڵاتە لەمساڵدا رووبەڕووی ئاستەنگێکی گەورە بووەتەوە، ئەوەش ھاووڵاتیانی ئێرانی ناچار کرد بۆ زامنکردنی پاشەکەوتە داراییەکانی خۆیان پەنا بۆ کڕینی دراوی دەرەکی و کانزا گرانبەھاکان ببەن،  کە ئەوەش نرخی دراوی ئێرانیی بەرەو دابەزینی زیاتر برد، بەجۆرێک دراوی ریاڵ زیاتر لە لە ٧٠% ی بەھاکەی لەدەستدا و نرخی زێڕیش بۆ ٤ ھێندە بەرزبووەوە.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکیدا لەوبارەیەوە ھۆشداریی داوە لە ھەڵاوسانێکی گەورە لە ئێران کە رەنگە رێژەکەی بگاتە لە ٣٠%، بەتایبەت دوای ئەوەی ٥ ی ئەم مانگە ئەمریکا گوژمەی دووەمی سزاکانی سەر ئێرانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەدووری زانیوە ئەو چەقبەستنە ئابووریەی ئێران کاریگەریی لەسەر ئابووریی وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە ھەبێت،  لەبەرئەوەی مامەڵە دارایی و بازرگانیەکانی ئێران لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا سنووردارە. 

ھاوکات بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە بازاڕەکانی جیھاندا ھۆکارێکی ترە کە ئابووریی ئەو وڵاتانە لەبەرامبەر سزاکانی سەر ئێران دەپارێزێت. 

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینیشیکردووە بەرزبوونەوەی رێژەی ھەڵاوسان بۆ ئەو ئاستە رێژەی بێکاری لەو وڵاتەدا بەرزتر بکاتەوە و پانتایی ھەژاری فراوانتر بێت، کە ئەوەش دەبێتە فاکتەرێک بۆ سەرھەڵدانی شەپۆلێکی تری ناڕەزایی لەناوخۆی ئەو وڵاتەدا.  

ھاوکات ئەمریکا بەردەوامە لەسەر گوشارەکانی بۆسەر ئێران. جۆن بۆڵتن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا جارێکی تر جەختی کردووەتەوە لەوەی ئیدارەکەی دۆناڵد ترامپ گوشارەکانی بۆسەر ئیران زیاتر دەکات بەجۆرێک کە ھەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بگەیەنێـە سفر.