لە سلێمانی دووەم ڕۆژی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی تەلارسازی بەڕێوەچوو

لەدووەم ڕۆژی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی تەلارسازی ، پێشانگایەکی وێنەیی ئەندازیارانی وڵاتی فەڕەنسا نمایشکرا .

پێشانگاکە بەئامادەبوونی کۆنسوڵی فەڕەنسا لەھەرێمی کوردستان کرایەوە ، کەپێکھاتبوو لەوێنەی ئەو کارە ئەندازیارانەی کەلەلایەن ئەندازیارە گەنجەکانی وڵاتی فەڕەنساوە دروستکراوە،  دواتر بەھۆی ئەو کارانەیانەوە لەلایەن وڵاتەکەیانەوە خەڵات کران .

ھاوکات لەپێشانگاکەدا ژمارەیەک وێنەیی فۆتۆگرافی بواری تەلار سازی و سروشتی ھەرێمی کوردستان نمایشکرا ، کەلەلایەن فۆتۆگرافەر ھونەر ساڵەیی بەھاوکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئامادەکرابوو .

تەوەرەکانی  دیکەی کۆنفرانسەکە پێکھاتبوو لە خستەڕووی ١٨ توێژینەوەی زانستی لەبوارەکای زانستی تەلارسازیدا و گفتوگۆکردن لەسەر ناوەڕۆکی توێژینەوەکان لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە.

لەماوەی دووڕۆژی کۆنفرانسەکەشدا  ٣٠ توێژینەوەی زانستی پێشکەشکرا ، کە توێژینەوەکان لەزانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و چەند زانکۆیەکی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەشداری پێکرابوو .

یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی تەلارسازی ، بەبۆنەی یادی ٢٣٤ ساڵەی دروستکردنی شاری سلێمانی و یوبیلی زێڕینی ٥٠ ساڵەی دامەزرانی زانکۆی سلێمانی ، لەلایەن کۆلێژەکانی ئەندازیاری زانکۆی سلێمانی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ، بە دروشمی تەلارسازییەکی خۆماڵی بەئامادەبوونی چەندین پسپۆڕی ناوخۆیی و بیانی لەماوەی دووڕۆژدا بەڕێوەچوو .