قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ٢٣٤ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا رایدەگەیەنێت، سلێمانی لەگەلێک بواردا سەرمەشق بووەو مێژووە ئێجگار درەوشاوەکەی لە بواری ئەدەب و ھونەر و رۆژنامەگەریدا، شانازییە بۆ ھەمووان.
قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی ٢٣٤ ساڵەی دروستبوونی سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت: سلێمانی، تەمەنی تەنھا (۲۳٤) ساڵە، بەڵام کولتوورە دەوڵەمەندەکەی و مێژووە پڕ سەروەرییەکەی بەراورد دەکرێت بە شارە گەورە و فەرھەنگییەکانی دونیا.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ئازایەتی و رۆشنبیری و کولتووری قبوڵکردنی جیاوازی لەم شارە، نموونەیەکە دەبێت چاوی لێ بکرێت و لێوەی فێر ببین. “مام”-یش وەکو وەفا و پێزانینێک بۆ ئەو مێژووەی سلێمانی، ناسناوی “شارە حەیاتەکەی” لێ ناوە.
لە پەیامەکەیدا ئەوەش ھاتووە، سەرچاوەی بیری ئازاد و کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری لێرەوە ڕێچکەی گرتووە و بە ئامانجیش گەیشتووە، کەسیش گومانی لەوە نییە، گەشەسەندنە کولتووری و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی کوردییش بەبێ سلێمانی، کارێکی دووردەست و ئەستەمە.
ھاوکات دەڵێت: دەیان سەرکردەی سیاسیی کوردیش کە جێدەستیان بەسەر ھەموو مێژووی سیاسیی ھاوچەرخی کوردەوە ھەیە، ڕۆڵەی سلێمانی بوون.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردۆتەوە، من وەکو خۆم، لە ھەر پلە و پایە و پۆستێکدا بم، خزمەتی دەکەم. سلێمانی بۆ ھەموومان بووە و خۆشی ویستووین، بۆیە ئێمەیش خۆشمان دەوێت و ڕەنجی بۆ دەدەین.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی…
بۆ شارە حەیاتەکە، پایتەختی رۆشنبیری و شاری ھەڵمەت و قوربانی..
ئەمڕۆ ڕۆژێکی ئێجگار تایبەتە، ساڵیادی دروستکردنی سلێمانییەکەمانە، ئەو شارەی ھەر لە دروستبوونییەوە، ھاوشانی پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان ھەنگاوی ناوە، لە گەلێک بواردا سەرمەشق و دەستپێشخەر بووە، مێژووە ئێجگار درەوشاوەکەی لە ڕووی سیاسییەشەوە، شوێنی دروستبوونی زۆرینەی پارت و حیزبە جیاواز و کاریگەرەکان بووە. ئازایەتی و ڕۆشنبیری و کولتووری قبوڵکردنی جیاوازی لەم شارە، نموونەیەکە دەبێت چاوی لێ بکرێت و لێوەی فێر ببین. “مام”-یش وەکو وەفا و پێزانینێک بۆ ئەو مێژووەی سلێمانی، ناسناوی “شارە حەیاتەکەی” لێ ناوە.
سلێمانی، تەمەنی تەنھا (۲۳٤) ساڵە، بەڵام کولتوورە دەوڵەمەندەکەی و مێژووە پڕ سەروەرییەکەی بەراورد دەکرێت بە شارە گەورە و فەرھەنگییەکانی دونیا، زێدی لەدایکبوون و گەورەبوون و پێگەیشتنی سەدان کەسایەتی لەبوارە جیاجیاکاندا بووە و دەیان سەرکردەی سیاسیی کوردیش کە جێدەستیان بەسەر ھەموو مێژووی سیاسیی ھاوچەرخی کوردەوە ھەیە، ڕۆڵەی ئەم شارە بوون. سەرچاوەی بیری ئازاد و کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری لێرەوە ڕێچکەی گرتووە و بە ئامانجیش گەیشتووە، کەسیش گومانی لەوە نییە، گەشەسەندنە کولتووری و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی کوردییش بەبێ سلێمانی، کارێکی دووردەست و ئەستەمە.
ئەم شارەمان، زۆری پێبەخشیوین و قوربانیی زۆریشی داوە، ھیچ ڕێگەیەکمان لەبەردەمدا نییە، جگە لەوەی دەبێت لە خۆمانی ڕازی بکەین و خزمەتی زیاتری بکەین و نەھێڵین بەربەست لەبەردەم خەون و خواستی شارنشینەکانیدا دروست ببێت، چونکە وزەیەکی لەبننەھاتووی ژیاندۆستانەی وای ھەیە، کە ھیچ کەس و لایەن و حیزبێک ناتوانن بەر بە ئاڕاستەی پێشکەوتنی بگرن. من وەکو خۆم، لە ھەر پلە و پایە و پۆستێکدا بم، خزمەتی دەکەم. سلێمانی بۆ ھەموومان بووە و خۆشی ویستووین، بۆیە ئێمەیش خۆشمان دەوێت و ڕەنجی بۆ دەدەین.
قوباد تاڵەبانی