ڕۆژنامه‌ی (فاینانشاڵ تایمز)ی به‌ریتانی كه تایبه‌ته به‌بواری ئابوری، له‌دوایین ڕاپۆرتیدا ده‌رباره‌ی جه‌نگی ڕزگاركردنی عێراق ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، له‌دوای جه‌نگی ڕزگاركردنی عێراقه‌وه تا ئێستا (10) كۆمپانیای زه‌به‌لاحی جیهانی، (72) ملیار دۆلار قازانجیان له‌عێراقدا كردووه.
به‌گوێره‌ی دوایین ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌كه، له‌دوای جه‌نگی ڕزگاركردنی عێراق له‌ساڵی (2003)وه، (10) كۆمپانیای زه‌به‌لاحی جیهان له‌بواری وه‌به‌رهێناندا چوونه‌ته ناو عێراق، كه له‌بواره‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان‌و نه‌وتدا كاریانكردووه، ئه‌و كۆمپانیایانه توانیویانه له ده ساڵی ڕابردوودا (72) ملیار دۆلار قازانج له‌عێراقدا بكه‌ن، به‌جۆرێك ته‌نها كۆمپانیای (كه بی ئاڕ)ی ئه‌مریكی، (39) ملیار‌و (500) ملیۆن دۆلار قازانجی كردووه، هه‌ردوو كۆمپانیای (ئهجلتی لۆجستكس)و (كۆمپانیای نه‌وتی حكومه‌تی كوه‌یت)یش، (13) ملیار‌و (500) ملیۆن دۆلار قازانجیان كردووه.
له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه، ((له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌دوای ساڵی (2003)وه پاره‌یه‌كی زۆر لهئاوهدانكردنهوهو پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی عێراقدا خه‌رجكراوه، به‌ڵام تا ئێستادا بواری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له‌و وڵاته‌دا له‌ئاستی پێویستدا نین)).