ئەمڕۆ ٢٣٤ ساڵ بە سەر دروستکردنی شاری سلێمانیدا تێدەپەرێت و لەم بارەیەوە چەندین چالاکی لە سەنتەری شارەکەدا بەڕێوە دەچن.
وەزارەتی رۆشنبری حکومەتی ھەرێمی کوردستان-بەشی رۆشنبریی و ھونەری سلێمانی، بەھاوکاری دەزگای میدیایی کوردسات، لە رۆژانی ١٤-١٥-١٦دا چەندین چالاکی جۆراو جۆر لە سلێمانی بەو بۆنەیەوە بەڕێوە دەبەن.
بەسەرکردنەوەیەکی مێژوویی دروستکردنی شاری سلێمانی
مێژووی دروستبوونی شاری سلێمانی، بۆ ١٤ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ دەگەڕێتەوە کاتێک لەلایەن ئیبراھیم پادشای بابانەوە ئاوەدانکراوەتەوە، ئیبراھیم پاشای بابان شارەکەی بە ناوی سلێمان پاشای باوکییەوە ناوناوە، ھەر لەسەرەتاوە شارەکە گرنگییەکی زۆری ھەبووە و جگەلەوەی پایتەختی میرنشینی بابان بووە، ھاوکات مەڵبەندێکی بازرگانی و رۆشنبیری بووە لە ناوچەکەدا.
لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە، جگە لەوەش کە لانکەی رۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرساندنی چەندین شۆڕش و راپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا .
لە ئێستاشدا شاری سلێمانی شاری رۆشنبیریی و یەکێک لە گرنگترین شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانە کە ساڵ لەدوای ساڵ شارەکە لە سەرجەم رووەکانەوە گەشەی زیاتر بەخۆوە دەبینێت.
لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە، ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی بەردەوام لە گەشەکردندایە و بەپێی دوایین کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقییەوە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی لەئێستادا ٢ ملیۆن و ٢١٢ ھەزار کەسە و رێژەی لە سەدا ٦ ی دانیشتوانی عێراق پێکدەھێنن.
گەڕەک و شوێنە مێژووییەکانی
شاری سلێمانی چەندین گەڕەک و ناوچەی مێژویی لەخۆ دەگرێت، دیارترین گەڕەکە مێژووییەکانی شاری سلێمانی گەرەکی کانی ئاسکان، گۆیژە، مەڵکەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەکی جوولەکانە، لە دیارترین شوێنە مێژوییەکانی شاری سلێمانیش، بەردەرکی سەرایە کە میرەکانی بابان لەگەڵ دروستکردنی شاری سلێمانی جێگەیەکیان تەرخانکردووە بۆ بارەگای بەڕێوبردنی دەسەڵاتەکەیان کە بە سەرا ناسراوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی مەلیک مەحمودیشدا، سەرای سلێمانی لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دروستکراوە کە پێکھاتووە لە دوو نھۆم و ٤٣ ژوور، چەندین جار کاری چاکسازی تیادا کراوە و پاشان تەرخانکراوە بۆ پێگەی ئیداری پۆلیس و قائیمقامیەت، ئێستاش لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی شۆێنەواری سلێمانییەوە نۆژەنکراوەتەوە و بۆتە یەکێک لە دیارترین شوێنە مێژویییەکانی سلێمانی .
شوێنە گەشتیارییەکانی
سەرباری بوونی چەندین شوێنی گەشتیاری و ھاوینە ھەوار لە شاری سلێمانیدا، بەڵام ھەریەک لە سەیرانگای سەرچنار و ھاوینە ھەواری دوکان، لە دیارترین ھاوینە ھەوارەکانی شارەکەن و ساڵانە سەدان ھەزار کەس لەناوخۆ و دەرەوە سەردانیان دەکات، باخی گشتیش یەکێکە لە شوێنە مێژووییەکانی سلێمانی کە دەکەوێتە خۆر ئاوای شارەکەوە و یەکەم باخچەی میرییە کە لە ساڵەکانی (١٩٣٧-١٩٣٩) لەلایەن مەجید یەعقوبی موتەسەریفی ئەو کاتەی سلێمانییەوە دروستکراوە.
شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستاندا بە شاری رۆشنبیری دەناسرێت ئەوەش بۆ دەوری بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەکیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، کە ھەموو مەلا و زاناکان شاعیر و نووسەر بوون و رۆڵی مزگەوت و حوجرەش کەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ کوچکەی بابان، “نالی و سالم و کوردی” قوتابحانەی شیعری بابان-یان دروستکردووە و تا ئەمڕۆش کاریگەری گەورەیان لەسەر زمان و ئەدەبیاتی کوردی ھەیە.
جگە لەوەش زۆربەی نوسەر و ئەدیب و شاعیرانی کورد لە سلێمانیدا بوون کە دیارتینیان نالی، سالم، کوردی، مەولانا خالید، گۆران و تایەر بەگی جاف، وەلی دێوانە، زێوەر، ئەحمەد موختار جاف، مەلا عەزیزی موفتی، پیرەمێرد، بێخود، جەمال عیرفان و بێکەس و شێرکۆ بێکەس و چەندین نووسەر و شاعیری گەورەی ترن.
سلێمانی پێشەنگە
لەرووی گرنگیدان بە میدیا و رۆژنامەگەریشەوە شاری سلێمانی لە پێشەنگی شارەکانی ھەرێمی کوردستاندایە ھەر لە سەردەمی شێخ مەحمودی نەمرەوە سلێمانی شوێنی دەرچوونی چەندین رۆژنامە بووە، لەئێستاشدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی تێدایە و چەندین رۆژنامە و گۆڤاری لێوە دەردەچێت و ژمارەیەکی زۆریش رادیۆ و تەلەفزیۆن و سەتەلایتی تێدا پەخش دەکرێ، لەم شارەدا چەندین گرووپی شانۆ و مۆسیقا و نیگارکێش و ھونەرمەندی شێوەکار ھەیە و بەبەردەوامیی لەم شارەدا چالاکییە ھونەرییەکان بەرێوەدەچن.
لەرووی گرنگیدان بە خوێندنیشەوە، شاری سلێمانی ھەمیشە پێشەنگ بووە و مێژوو ئەو شایەتیەی بۆ دەدات کە دروستکردنی یەکەم زانکۆ لە ھەرێمی کوردستاندا لە شاری سلێمانی بووە کاتێک بۆ یەکەمجار لەساڵی ١٩٦٨ زانکۆی سلێمانی دامەزرا، سەرەتا تەنھا سێ کۆلێژی تێدا بوو، بەڵام ساڵانی دواتر ژمارەی کۆلێژەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، لەساڵی ١٩٨١ رژێمی بەعس ئەم دامەزراوە ئەکادیمییەی راگواست بۆ شاری ھەولێر و ناوەکەشی گۆڕدرا بۆ “زانکۆی سەڵاحەدین”.
لەساڵی ١٩٩٢ جارێکی تر زانکۆی سلێمانی دامەزرێندرایەوە لەئەنجامی ھەوڵ و کۆششی زۆری رۆشنبیران و زانستخوازانی کورد و خەڵکی دڵسۆزی شاری سلێمانی و لە رۆژی ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ دا زانکۆ جارێکی تر کرایەوە، لە ئێستاشدا چەندین زانکۆ و کۆلێژی جیاواز لەناو شاری سلێمانیدا دامەزراون.
لە ئێستادا دوای تێپەڕبوونی ٢٣٤ ساڵ بەسەر دروستبوونی سلێمانیدا، ئەم شارە لە ھەموو بوارەکاندا گەشەکردنی بەردەوامیدایەو لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆتە ناوەندێکی گرنگی سیاسی و بڕیاردان .