نرخی نه‌وت گه‌وره‌ترین دابه‌زینی سێ ساڵی رابردووی تۆماركرد

نرخی نه‌وتی خاو زیاتر له‌سه‌دا حه‌وتی به‌هاكه‌ی له‌ده‌ستدا و گه‌وره‌ترین دابه‌زینی له‌ میانی سێ ساڵی رابردوو تۆماركرد.

نرخی به‌رمیلێك خاوی برێنت له‌سه‌دا حه‌وتی به‌هاكه‌ی له‌ده‌ستدا و دابه‌زی بۆ 65 دۆلار و 17 سه‌نت كه‌ ئه‌وه‌ له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2017ه‌وه‌ تا ئێستا نزمترین ئاستێتی.

هه‌روه‌ها نرخی به‌رمیلێك خاوی جۆری خۆرئاوای تێكساس (WTI) له‌سه‌دا 7،8ی به‌هاكه‌ی له‌ده‌ستدا و دابه‌زی بۆ 55 دۆلار و 23 سه‌نت و له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2017ه‌وه‌ نزمترین ئاستی تۆماركرد.

دوای ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا، نزیكه‌ی له‌سه‌دا پێنجی به‌هاكه‌ی له‌ده‌ستدا، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش له‌ دابه‌زیندابوو هۆكاری ئه‌وه‌یش به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌ له‌ لایه‌ن سعوودیه‌، رووسیا و ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ لێبوردنی واشنتۆن له‌ ژمارەیەک وڵات له‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاندوویه‌تی.

شیكاران دابه‌زینی نرخی نه‌وت كه‌ پێی ناوه‌ته‌ دوازدەهه‌مین رۆژه‌وه‌ به‌ ده‌ستپێكی “بازاڕی مانگ” ناوزه‌ند ده‌كه‌ن.