له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كارگه‌یه‌كی زه‌یتی زه‌یتوون كرایەوە

له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كارگه‌یه‌كی زه‌یتی زه‌یتوون كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ توانای هه‌یه‌ 120 تۆن زه‌یتوون بكات به‌ ڕۆنی زه‌یتوون و خاوه‌نه‌كه‌یشی ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر زه‌یتوونمان به‌ ده‌ست بگات ڕۆژانه‌ 36 هه‌زار لیتر ده‌كه‌ین به‌ ڕۆنی زه‌یتوون.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 2018/11/13، ڕێبین مه‌حموود به‌ڕێوه‌به‌ری و خاوه‌نی كارگه‌ی زه‌یتوونی ڕاسان له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ڕاگه‌یاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می زه‌یتوون له‌ كوردستان كه‌مه‌، ئامانجمان ئه‌وه‌بوو جووتیاران ڕووبكه‌نه‌ چاندنی زه‌یتوون. جەختی لەوەش كرده‌وه‌ ئێسته‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ 370 دۆنم زه‌وى كراوه‌ به‌ زه‌یتوون پێش كردنه‌وه‌ی كارگه‌كه‌یش جووتیاران كێشه‌ی ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌بوو، به‌ڵام ئێسته‌ ئه‌و كێشه‌یان چاره‌سه‌ر بووه‌.

خاوەنی کارگەکە وتیشی “ئه‌گه‌ر جۆری به‌رهه‌مه‌كه‌ باش و گونجاو بێت بۆ زه‌یت، له‌ یه‌ك تۆن زه‌یتوون 300 كیلۆ زه‌یتی لێ ده‌رده‌چێت و له‌ به‌رانبه‌ردا 150 هه‌زار دینار له‌ جووتیاره‌كه‌ وه‌رده‌گیرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویست زه‌یتوون بگاته‌ كارگه‌كه‌مان له‌ ماوه‌ی مانگێكدا زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن لیتر زه‌یتی زه‌یتوون به‌رهه‌م ده‌هێنین كه‌ ئه‌وه‌ بڕێكى گونجاوه‌ بۆ كوردستان” 
 
له‌ هه‌رێمى كوردستان زه‌یتوون خواستى زۆرى له‌سه‌ر هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ بڕى پێویستى له‌لایه‌ن جووتیارانه‌وه‌ به‌رهه‌م ناهێنرێت و به‌شێكى زۆریش له‌و زه‌یت و زه‌یتوونه‌ى له‌ كوردستان هه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ كراون.