ناوەڕۆکی ریکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ هەڵگرتنی خاڵە گومرکییەکان ئاشکرا دەکرێت


بە مەبەستی هەڵگرتنی خاڵە گومرکییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان هەردوولا واژووکراوە و نێردراوە بۆ ئەوەی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا وەربگیرێت.

ماوەی هەفتەیەک دەبێت شاندێکی حکوومەتی عێراقی چەندین کۆبوونەوەیان لە هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بە مەبەستی هەڵگرتنی خاڵە گومرکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە لێکتێگەیشتنەکە واژووکراوە و ئەو لێکتێگەیشتنەش وەکو بڕیار ناوزەد دەکات.

بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێمی کوردستان، ساماڵ عەبدولرەحمان رایگەیاند: “لە میانی دوا کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی عێراق گەیشتینە کۆنووسێک کە ٢٧ خاڵ لەخۆ دەگرێت و یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی ئەم کۆنووسە لابردنی ئەو خاڵە گومرکییانەیە کە لە نێوان هەرێم و ناوەند دانراون، چونکە دانانی ئەم خاڵە گومرکییانە پێچەوانەی ماددەی ٢٤ی دەستوورە و پێچەوانەی یاسای گومرکی ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٨٤ـە، کە بووەتە رێگری لەبەردەم جووڵەی بازرگانی لە نێوان هەرێم و ناوەند، هەروەها بووەتە هۆی بێزارکردنی خەڵک، بۆیە بە هەردوولا کە خاڵەی کە ئەم خاڵە گومرکییانە کاریگەری نەرێنی دروستکردووە و پێویستە بە زووترین کات لاببرێن”.

لەبارەی خاڵەکانی ناو کۆنووسەکەش، ساماڵ عەبدولرەحمان وتی: “خاڵە جەوهەرییەکان بریتییە لە لابردنی خاڵە گومرکییەکان، هەموو ئەو بەڵگەنامانەی کە لەمەودوا کاری پێدەکرێت و پەیوەستن بە گومرکەوە ئەوا دەبێت بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لەسەریان بنووسرێت، بەپێی ماددەی ١١٤ـی دەستوور دەبێت یاسایەک هەبێت بۆ رێکخستنی ئیشوکارەکانمان، واتا گومرک بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو یاسایە نییە و دەبێت بە زووترین کات ئەو یاسایە دابڕێژرێتەوە، ئەو یاسایەی کە ئێستا کاری پێدەکرێت بۆ گومرک یاسایەکی کۆنە و ساڵی ١٩٨٤ بەپێی بارودۆخی ئەو کات داڕێژراوە، بۆیە دەبێت یاسایەک بەپێی بارودۆخی ئێستا دابڕێژرێتەوە، لە خاڵێکی دیکەدا بڕیارماندا کە لەمەودوا رێگا بە تڕانزێت بدرێت، سەرجەم ئەو رێنمایی و رێسا و رێککارەکانی سەرجەم دەروازەکان پێویستە یەک بخرێت، هەردوو یاسای وەبەرهێنان یەکبخرێت و کاریان پێبکرێت چ ئەوەی هەرێم و چ ئەوەی بەغدا، لەمەودوا هەرچی رێنمایی و رێکار دەردەچێت دەبێت نوێنەرانی هەرێم تیایدا بەشداربن و پێداچوونەوەش بکرێت بە سەرجەم رێنمای و رێکارەکانی پێشوو”.

سەبارەت بە دیاریکردنی کاتێک بۆ واژوکردنی کۆنووسەکە لە لایەن هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بوونە بڕیار، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێمی کوردستان، ساماڵ عەبدولرەحمان وتی: “ئێمە لەئێستاوە ئەو رێکارانەی کە پێویستن لەناو گومرکدا دەستمان پێیکردووە و هەر دوێنێ دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەش، شاندێکی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێ کەوت بۆ یەکخستنەوەی رێنمایی و رێکارەکان، ئەوەی پەیوەستە بە خاڵە گومرکییەکان لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقدایە”.

ساماڵ عەبدولرەحمان وتیشی: “ئێمە لێرەوە داوا لە حکوومەتی عێراقی دەکەین بۆ نیازپاکی و گەڕانەوەی متمانە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکانمان بەردەوام بێت و بەرەو پێشەوەبچێت، ئەو خاڵانە لابەرێت بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین کارەکان بە رێکوپێکی ئەنجام بدەین”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆ دەروازە سنوورییەکانیش چاوەڕێی ئەو یاسایە دەکەن بۆ ئەوەی شێوازی مامەڵەکردن و کاری هاوبەشی نێوان هەرێم و ناوەند دیاری بکرێت.

دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، رێگاکانی ھەرێمی کوردستان بە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە پچڕان و مەرجی حکوومەتی عیراقیش بۆ کردنەوەی ئەو رێگایانە دانانی گومرک بوو لە رێگاکانی نێوان ھەولێر کەرکووک و دھۆک بۆ مووسڵ.

دوای دانانی ئەو خاڵە گومرکییانەش، نیگەرانی بازرگانان و هاووڵاتییانی دروستکرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چەند خاڵێک رێکبکەون بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە شێوەیەکی هاوبەش کارەکانی گومرک بەڕێوەببەن.