چواره‌مین كۆنفرانسی زانستی نێوده‌وڵه‌تی له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

چواره‌مین كۆنفرانسی زانستی نێوده‌وڵه‌تی به‌ ناونیشانی سلێمانی مێژوویه‌كی دێرین، له‌ كه‌مپی نوێی زانكۆی سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12-11-2018، سه‌عات 9:30 ده‌قیقه‌ی به‌یانی، كۆنفرانسی زانستی نێوده‌وڵه‌تی به‌ ناونیشانی سلێمانی مێژویه‌كی دێرین، له‌ هۆڵی كۆماری كۆلێژی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانی زانكۆی سلێمانی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا نزیكه‌ی 33 توێژینه‌وه‌ی زانستی تێدا پێشكه‌ش ده‌كرێت و بڕیاره‌ دوو رۆژ به‌رده‌وامبێت.

له‌و باره‌یه‌وه‌ د.ئیبتیسام ئیسماعیل رێكخه‌ری كۆنفرانسه‌كه‌ رایگه‌یاند: ئامانجمان له‌م كۆنفرانسه‌ گرنگیدانی زیاتره‌ به‌ توێژینه‌وه‌، چونكه‌ توێژینه‌وه‌ زانستییه‌كان كاریگه‌ری زۆریان  هه‌یه‌ له‌ پێشخستنی كۆمه‌ڵگه‌.

وتیشی: توێژینه‌وه‌كانمان له‌سه‌ر شاری سلێمانییه‌، هه‌رچه‌نده‌ مێژوی شاره‌كه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ ده‌یان كۆنفرانسی له‌سه‌ربكرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: هه‌رچه‌نده‌ شاری سلێمانی زۆر دێرین نییه‌، به‌ڵام رووداو گه‌لێكی له‌خۆ گرتووه‌ كه‌ مێژوی شاره‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌ و سلێمانی هه‌موو كات مینبه‌ری راده‌ربڕین و ته‌حه‌داكردنی زۆرداری بووه‌.

 د.ئیبتیسام ئیسماعیل ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ كۆنفرانسه‌كه‌ چه‌ند ره‌هه‌ندێكی شاری سلێمانی له‌خۆ ده‌گرێت و به‌شێكی توێژینه‌وه‌كان له‌سه‌ر جیۆپۆلیتیك و ئه‌ركۆلۆجی و مێژو و كه‌لتور و فه‌رهه‌نگ و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سایه‌تی شاره‌كه‌یه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ توێژینه‌وه‌كان له‌لایه‌ن مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی و زانكۆكانی كوردستان و ناوه‌ڕاست و خواروی عیراقه‌وه‌ پێشكه‌شده‌كرێن.

وتیشی: كۆنفرانسه‌كه‌ چه‌ند بابه‌تێكی تێدایه‌ كه‌ تازه‌ن و تا ئێستا توێژینه‌وه‌یان له‌باره‌وه‌ نه‌كراوه‌ و له‌ ماوه‌ی ئه‌م دوو رۆژه‌دا توێژه‌ران پێشكه‌شیده‌كه‌ن.

له‌ كۆتایی قسه‌كانیشیدا د.ئیبتیسام له‌باره‌ی گرنگی كۆنفرانسه‌كه‌وه‌ وتی: ئه‌م توێژینه‌وانه‌ هانده‌رێكی گرنگ و سه‌رچاوه‌یه‌كی باشیش ده‌بێت بۆ نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان و خوێنه‌ران، چونكه‌ گرنگی توێژینه‌وه‌ ته‌نها بۆ ناساندنی مێژو نییه‌ به‌ڵكو ده‌كرێت كار له‌سه‌ر ئێستاو داهاتووشبكات.