بەڕێوەبەری گشتی گومرگ لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ دەستەی گومرگی عێراق لەسەر 27 خاڵ پەیوەست بە پرسی گومرگی رێككەوتوون و سەرجەم خاڵە گومرگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لادەبرێن.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگ لە هەرێمی كوردستان راگەیاندوه: “دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ دەستەی گومرگی عێراق لەسەر 27 خاڵ پەیوەست بە پرسی گومرگی رێككەوتووین و گەیشتوونەتە رێككەوتنێك بۆ لابردنی ئەو سێ خاڵە گومرگییەی بەغدا کە لە رێگەی نێوان (كەركووك – هەولێر) ، (کەرکووک- سلێمانی) و (موسڵ – دهۆك) دانرابوون.
بەڕێوەبەری گشتی گومرگ لە هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەوەش رێككەوتوون كە عێراق و هەرێمی كوردستان یەك پێناسی گومرگیان هەبێت و دەشڵێت: “زمانی كوردی هاوشێوەی زمانی عەرەبی لە هەموو نووسراوێكی مامەڵە گومرگییەكاندا دەبێت”.
پێشتر حكومەتی عێراق سێ خاڵی گومرگی لە رێگەی نێوان كەركووك – هەولێر، کەرکووک- سلێمانی و موسڵ – دهۆك دانابوو، ئەوەش گرفتی بۆ هاونیشتمانیان دروستكردبوو.
تاوەكو ئێستاش هەرێمی كوردستان و عێراق دوو پێناسی گومرگی جیاوازیان هەیە. بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەوەش رێككەوتوون كە یەك پێناسی گومرگیان هەبێت.