د.به‌رهه‌م ساڵح داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی كۆمپانیاكانی فه‌ره‌نسا ده‌كات

سه‌رۆك كۆمار داوا له‌ كۆمپانیا فره‌نسییه‌كان ده‌كات وه‌به‌رهێنانی فراوان بكه‌ن و به‌شداربن له‌ سه‌رله‌ نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراقدا.

سه‌رۆك كۆمار دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح داوای له‌ كۆمپانیا فره‌نسییه‌كان كرد، وه‌به‌رهێنان له‌ عیراقدا فراوان بكه‌ن و به‌شداری كارا بكه‌ن بۆ‌ سه‌ر له‌ نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق و بوژانه‌وه‌ی ناوچه‌ زیان لێكه‌وتوه‌كانی ده‌ستی تیرۆر.

ئه‌م دووپاتكردنه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار له‌ میانه‌ی دیدارێكیدا بۆ له‌گه‌ڵ برنۆ ئۆبیر باڵیۆزی فره‌نسا له‌ عیراق و نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای فه‌ره‌نسی.

‎له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10-11-2018 له‌ كۆشكی سه‌لام له‌به‌غداد به‌ڕێوه‌چو د. به‌رهه‌م ساڵح گرنگی سود وه‌رگرتنی له‌ شاره‌زاییه‌كانی كۆمپانیاكانی فره‌نسای دووپاتكرده‌وه‌ له‌چه‌ندین بواردا، هاوكات سه‌رۆك به‌رهه‌م ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دۆستایه‌تیه‌ قوڵه‌ی به‌ بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ هه‌ر دوو گه‌ل و وڵاتی دۆست پێكه‌وه‌ ده‌ به‌ستێته‌وه‌، هه‌روه‌ها باسی له‌و په‌یوه‌ندیانه‌ش كرد كه‌ بایه‌خی هه‌یه‌ بۆ فراوانكردنی هاریكاریی له‌هه‌موو بواره‌كان و چالاككردنی رێككه‌وتنامه‌ ئیمزا كراوه‌كانی نێوان عیراق و فره‌نسا.



له‌به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌یكرد بۆ چالاكی كۆمپانیاكانی فره‌نسا له‌ عیراق به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ بواره‌كانی نه‌وت و وزه‌دا كار ده‌كه‌ن، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ داوای كرد وه‌به‌رهێنانیان له‌ وڵاتدا زیاتر بكه‌ن.



‎له‌ وته‌كانیدا سه‌رۆك كۆمار بایه‌خ و گرنگی ره‌خساندنی زه‌مینه‌ و ژینگه‌یه‌كی له‌ باری دووپاتكرده‌وه‌ بۆ راكێشانی سه‌رنجی وه‌به‌رهێنه‌رانی ده‌ره‌وه‌ به‌ره‌و عیراق، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ دووپاتی كرده‌ووه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ هه‌لی كار دابین بكه‌ن بۆ عیراقییه‌كان، به‌و پێیه‌ی عیراق ده‌ڕفه‌تی وه‌به‌رهێنانی زۆری تیادایه‌ له‌ هه‌موو بوار و ئاسته‌كاندا.

لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی فه‌ره‌نسا ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵاتی به‌رزنرخاند، هاوكات نوێنه‌رانی كۆمپانیا فه‌ره‌نسییه‌كان ئاماده‌ییان نیشاندا بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ عیراق دا به‌جۆرێك كه‌ شاره‌زای و ئه‌زمونه‌كانیان له‌  په‌ره‌پێدانی ئابووری و سه‌رله‌ نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق ته‌رخان بكه‌ن و بخه‌نه‌ گه‌ر.