هاورده‌كردنی ماسی خوارووی عێراق بۆ شاره‌كانی كوردستان قه‌ده‌غه‌ كرا

دوای مردار بوونەوەی ملیۆنان ماسی لە خوار و ناوەراستی عێراق ، بەهۆی ژەهراوی بونیان ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی بڕیاری هاوردەکردنی ماسی لە خوار و ناوەڕاستی عێراق دەرکرد، سەرجەم بازرگانانیشی ئاگادار کردۆتەوە، کە ماسی ئەو ناوچانە هاوردەی هەرێم نەکەن.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، هاوردەکردنی ماسی و پەنجە ماسی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ نێو هەرێمی کوردستان قەدەغەکرد، له‌ رۆژانی رابردوو به‌ هه‌زارن ماسی له‌ خوارووی عێراق ژه‌هراوی بوون.

ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵ و بەرێوەبەرایتی بەیتەرییەکانی راسپێردراون کە مامەڵەی بازرگانی و هاوردەی ماسی بەهۆی ژەهراوی بوون لەگەڵ خوار و ناوەراستی عێراق رابگرن، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گواستنەوەی بۆ مرۆڤ و بۆ کێلگە و حەوزەکانی ماسی لە هەرێم.

لەبارەی چۆنییەتی پڕکردنەوەی خواستی نێوخۆیی و رێگریکردن لە گرانبوونی نرخی ماسی، سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەریی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند رێگەدەدەین ماسی زیاتر لە سنوورەکانی ئێران و تورکیا هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت.