كارگەكانی سلێمانی پابەند دەكرێن بە پاراستنی ژینگە


كارگەكانی سنوری سلێمانی پابەند دەكرێن بە جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییە ژینگەییەكان و قائیمقامی سلێمانیش دەڵێت، مەبەست لەم هەنگاوە پاراستنی ژینگەی ناوچەكەو تەندروستی هاوڵاتیانە. 

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ خاوەن و نوێنەری كارگە گەورەكانی سلێمانی كۆبووەوە رایگه‌یاند، پێویستە هەموو كارگەكان پابەندبن بە مەرج و رێنماییە  ژینگەییەكان و نەبنە هۆكار بۆ پیسبوونی ژینگەی ناوچەكە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد،” پێویسته‌ خاوەنی كارگەكانی پیشەسازی سنورى سلێمانى لەزووترین كاتدا ئەو گرفتانەی كە لەكارگەكانیاندا هەیە چارەسەری بكەن، چونكە لیژنە تایبەتمەندەكان بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكان دەكەن”.

ئاوات محه‌مه‌د وتیشى،” هەر خاوەن كارگەیەك مه‌رج و رینماییه‌كان جێبه‌جینه‌كات رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە”.