وتەبێژی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان رایدەگەیەنێت ”ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان پێوستی زۆرمان بە کاڵاو شتومەکی ئێرانی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێران خۆی لە قەیراندایە ژمارەیەک کاڵا هەناردەی هیچ وڵاتێک ناکات، کە هەمە هیچ کێشەیەک لەبازارەکانی کوردستان دروست ناکات چونکە تورکیا دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی ئێران”.
کاروان رەحمان، وتەبێژی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی کوردستان رایگەیاند ”هەفتەی رابردوو وەک یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی کوردستان دیدارێکمان لەگەڵ سەر کونسوڵی ئێران ساز کرد، لە کۆبونەوەکادا باس لەوە کرا عێراق یەکێکە لەو ٨ وڵاتەی ئەمریکا لەسزاکانی سەر ئێران بەخشیوێتی، ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان سەر بە حکومەتی عێراقین هەر بریارێک لەلایەن عێراقەوە دەربچێت ئێمەش پێوەی پابەند دەبین”.
جەختی لەوەش کردەوە ”لەئێستا ئاڵوگۆری بازرگانی و هاتوچۆکردنی گەشتیاران لە خاڵە سنوریەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ کێشەو گرفتێک بەردەوامە”.
وتەبێژی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان ئاماژەی بەوەشکرد ئێمە هەوڵ دەدەین پەیوەندیەکانمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران نەپچرێت، ئەگەر بە بریاری سیاسیش پەیوەندیەکان لەگەڵ ئێران بچرا، ئێمە دەروازیەکی ترمان هەیە کە هاوسنورین لەگەڵ تورکیا لەرێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە ئاڵوگۆری بازرگانی بەردەوام دەبێت.
وتیشی ”وەک یەکێتی ژوورە بازرگانیو پیشەسازیەکانی کوردستان هیوادارین پەیوەندیەکانمان لەگەڵ وڵاتان بەهێزتر بێت، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەیە، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانە پێشبینی ناکەین ئەو کاڵایانەی لە ئێرانەوە بۆ کوردستان دێت کەم بکرێتەوە بەڵکو وەک جاران بەردەوام دەبێت”.