فێستیڤاڵەكە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە لایەن كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی و بە بەشداری 26 هەنگەوانی ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حكومی و هاووڵاتییان كرایەوە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە، دڵشاد محەمەد لەو بارەیەوەوتی: “ئەو هەنگەوانانەی بەشدارییان كردووە لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هاتوون و بەرهەمی ئەمساڵی خۆیان نمایشكردووە كە لە باشترین جۆرەكانی هەنگوینی ناوچەكەن”.
بەشێك لە هەنگەوانەكان باس لەوە دەكەن بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوینەكانیان بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر كەمی كردووە و كەشوهەوا كاریگەری زۆری لەسەر بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵیان هەبووە.
دڵشاد محەمەد لەو بارەیەوە وتی: “گۆڕانی كەشوهەوا و بەردەوامی باران بارینی ساڵی پار تا كۆتایی وەرزی بەهار و درەنگ كەوتنی دەستپێكردنی باران بارینی ئەمساڵ و دواكەتنی سەوزبوونی گژوگیای ناوچە شاخاوییەكان، كاریگەری گەورەی لەسەر بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوینی هەنگەوانەكان هەبووە و بەو هۆیەوە لەسەدا 60ی بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوینی ناوچەكە كەمی كردووە”.
لە لای خۆیەوە جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی، رزگار حەمەد خدر وتی: “بە هۆی لەباری ژینگە و كەشوهەوای هەرێمی كوردستان كەرتی هەنگوین و هەنگەوانی گەشەی باشی كردووە و ژمارەی هەنگەوانەكان زۆر زیادی كردووە، بەجۆرێك لە هەرێم زیاتر لە 300 هەزار پوورە هەنگ و حەوت هەزار جووتیار هەیە كە سەرقاڵی بەخێوكردنی هەنگن، لەو ژمارەیەش نیوەی زیاتری پوورە هەنگەكان دەكەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و زیاتر لە چوار هەزار هەنگەوان دەكەونە ئەم سنوورەوە و بەرهەمی ساڵانەی هەنگوینیان دەگاتە 70 بۆ 80 تۆن هەنگوین”.
ئەو وتی: “كردنەوەی ئەم جۆری فێستیڤاڵانە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ هاووڵاتی و بازاڕ و حكوومەتیش تا بیر لە هاوكاریكردن و پشتیوانی هەنگەوانەكان بكەین و بازاڕێكی تایبەتیان بۆ بكەینەوە كە راستەوخۆ بەرهەمەكانیان بگەیەننە دەست هاووڵاتییان”.
جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی سلێمانی ئەوەشی وت “هەنگوینی ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت پارێزگای سلێمانی لە جۆرە باشەكانی هەنگوین لە ناوچەكەدا دادەنرێت، بەجۆرێك لە پێشبڕكێیەكی تایبەت بە بەرهەمی هەنگوین لە وڵاتانی عەرەبی كە پێش مانگێك لە وڵاتی لوبنان بەڕێوەچوو، دوو هەنگەوانی ناوچەی شارباژێری سلێمانی توانیان خەڵاتی یەكەم و دووەمی پێشبڕكێیەكە بەدەست بهێنن”.
نرخی یەك كیلۆگرام هەنگوین كە لە فێستیڤاڵەكەدا نمایشكراوە لە 25 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات و بەپێی جۆری هەنگوینەكە تا 90 هەزار دینار بەرز دەبێتەوە، بەڵام هەنگەوانەكان نیگەرانن لە نەبوونی بازاڕ و هاوردەكردنی بڕێكی زۆری هەنگوینی وڵاتانی دەرەوە كە بەنرخێكی زۆر هەرزانتر دەگاتە دەست هاووڵاتییان.