كارگەكان دروستكردنی روبە هەناریان لە هەڵەبجە ئاسانتر كردووە

هەڵەبجە دیارترین و بەناوبانگترین ناوچەی هەرێمی كوردستانە بۆ هەنار، بەرهەمی هەناری ئەو ناوچەیە نێوبانگی خۆی هەیە لە جۆر و تام و رەنگی هەنارەكەی و لە ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا داخوازی زۆر لەسەر هەناری هەڵەبجە هەیە.

بە گوێرەی ئاماری فەرمانگەی كشتوكاڵی هەڵەبجە لەو سنوورەدا، هەشت هەزار و 500 دۆنم باخی هەنار هەیە و بەرهەمی ساڵانەی ئەم باخانەش دەگاتە نزیكەی سی هەزار تۆن هەنار.

ساڵانە لە مانگەكانی 10 و 11ی وەرزی پێگەیشتنی هەنارە و جووتیاران دەست بە رنین و چنینەوەی بەرهەمی ئەو ساڵەیان دەكەن و رەوانەی بازاڕەكانی دەكەن بۆ ساغكردنەوەی.

هەروەها جووتیارەكان بەشێكی بەرهەمی هەنارەكەیان دەهێڵنەوە بۆ دروستكردنی روبە هەنار كە دواتر دەیخەنە بازاڕەوە تا داهاتێكی زیاتریان دەست بكەوێت.

پێشتر دروستكردنی روبە هەنار بۆ جووتیارانی ناوچەكە هیلاكی و ماندوبوونی زۆری دەویست بە تایبەت لە گرتنی ئاوی هەنارەكەدا كە دەبوو بەدەست دەنكەكەی جیابكەنەوە و دواتر دەنكە هەنارەكان دەكرانە ناو گوێنی و لە حەوزێكدا دەشێلدرا و ئاوەكەی دەردەكرا.

بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بە هۆی هێنانی چەند ئامێرێكی تایبەتەوە بۆ هەڵەبجە، دروستكردنی روبە هەنار بۆ جووتیارانی سنوورەكە ئاسانتر بووە و زەحمەت و ماندوێتی جارانیان كەمتر بووەتەوە، ئەو ئامێرە كاری دەستی جووتیارانی گۆڕیوە و هەنارەكەی بە ساغی تێدەكرێت و بۆ خۆی دەنكی هەنارەكان جیا دەكاتەوە، دواتریش ئاوی هەنارەكە دەگرێت و پاشماوەكانی تری هەنارەكەش جیادەكاتەوە.

خاوەنی یەكەم كارگەی گرتنی ئاوی هەنار لە هەڵەبجە، دیاری عوسمان وتی: “ساڵانە ئێمە لەم مانگەدا لە رێگەی كارگەكەمانەوە دەست بە داتەكاندن و گرتنی ئاوی هەنار دەكەین، رۆژانە ژمارەیەكی زۆری جووتیارانی هەڵەبجە سەردانمان دەكەن و بڕێكی زۆر هەنارمان بۆ دەهێنن بۆ تەكاندن و گرتنی ئاوی هەنارەكە”.

لە هەڵەبجە سێ‌ كارگەی لەو شێوەیە هەیە، تەنها لە كارگەكەی دیاری رۆژانە نزیكەی دە تۆن هەنار دەتەكێندرێت و ئاوەكەی دەگیرێت، بۆ هەر كیلۆیەكیش بڕی 100 دیناری عێراقی لە جووتیاران وەردەگیرێت.

ئەحمەد محەمەد جووتیارێكی سنوورەكەیە و نزیكەی حەوت دۆنم باخی هەناری هەیە، ساڵانە نزیكەی 100 كیلۆگرام روبە هەنار دروست دەكەن و لەم كارگەیە ئاوی هەنارەكە دەگرێت.

ئەو وتی: “كارگەكان كاری دەستی جوویتارەكانیان گۆڕیوە، لە بری كاركردنی چەند رۆژێك و گرتنی كرێكار و زەحمەت و ماندوێتی داتەكاندن و گرتنی ئاوی هەنارەكە، ئێستا لە ماوەیەكی كەمدا ئەم ئامێرانە بە تێچوویەكی كەمتر كارەكانمان بۆ ئەنجام دەدەن”.