سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند: سزاکانی سەر ئێران کاریگەریی لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان دروست ناکەن و لە کاتی جێبەجێکردنی گەمارۆکانیش خاڵە سنووریەکانی نێوان هەرێم و ئێران کراوە دەبن.
لەبارەی سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران و کاریگەریی لەسەر نرخی بازاڕی هەرێمی کوردستان سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند: سزاکان تەنیا کانزا و سووتەمەنی و کەرتی کەشتیوانیی ئێران دەکەنە ئامانج و بەرهەم و پێداویستیی خۆراکی ناگرێتەوە، بۆیە سزاکان چاوەڕێی ئەوەیان لێناکرێت کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ناو بازاڕی هەرێم هەبێت.
سەرۆکی ژوور راشیگەیاند: ”تا ئێستا تەنها دۆشاوی تەماتە و تەماتە قەدەغە کراوە هاوردە بکرێت ئەویش قسەمان لەگەڵدا کردون و دڵنیایان کردینەوە کە دوای چەند رۆژێکی تر رێگە بە هاوردەکردنی ئەو دوو مادەیەش دەدرێت”.
هەروەها سەبارەت بە چارەنووسی خاڵە سنووریەکانی نێوان هەرێم و ئێران دوای سەپاندنی سزا نوێیەکان، سەرۆکی ژووری بازرگانی رایگەیاند: لە کاتی جێبەجێکردنی سزاکانیشدا خاڵە سنووریەکانی نێوان هەرێم و ئێران لەبەردەم بازرگان و گەشتیاراندا کراوەدەبن.