نرخى ئه‌مپێرى مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان‌و به‌رنامه‌ى پێدانى كاره‌با ئاشكرا ده‌کرێت

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی نرخى ئه‌مپێرى مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانى بۆ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى 2018 راگه‌یاند و هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ى پێدانى كاره‌باى بۆ مانگى تشرینى دووه‌مى 2018 ئاشكرا كرد.

“سیروان محه‌مه‌د” وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی رایگه‌یاند “نرخی كاتژمێرێك ئه‌مپێری مۆلیده‌ی ئه‌هلی به‌ (44) دینار بۆ مانگى 10 دیاریكرا، مۆلیده‌كانیش به‌ تێكڕایی له‌ نێوان 110 بۆ 130 كاتژمێر كاریان كردووه‌، نرخی ئه‌مپێرێكیش له‌ نێوان 5 هه‌زار بۆ 6 هه‌زار دینار ده‌بێت، به‌وه‌ش نرخی ئه‌مپێرێك له‌ گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت”.

له‌باره‌ى به‌رنامه‌ی كاركردنی مۆلیده‌كان له‌ مانگى تشرینى دووه‌م “مانگى 11″ى 2018 دا، ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد “به‌رنامه‌ی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان رۆژانه‌ له‌ كاتژمێر 1:00 ی پاشنیوه‌ڕۆ بۆ 1:00ی شه‌و، به‌یانیانیش كاتژمێر 7:00 – 8:30 به‌یانی ده‌بێت و هه‌ركاتێك كاره‌بای نیشتمانیی كوژایه‌وه‌ مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان كاره‌با به‌ هاوڵاتیان ده‌ده‌ن، به‌ڵام رۆژانی هه‌ینی به‌یانیان كار ناكه‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ پێش نیوه‌ڕوان كاتژمێر 11:30 كار به‌ مۆلیده‌كان ده‌كه‌ن.

وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، پێویسته‌ پاش كوژانه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتمانیی 15 خوله‌ك زیاتر تێنه‌په‌رێت و مۆلیده‌كان ده‌ستبه‌كار بكه‌ن و كاره‌با به‌ هاوڵاتیان بده‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌رپێچیكار رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێته‌وه‌”.