حکومەتی هەرێم بەرزبوونەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت راگەیاندو ئاشکرای کرد کە رێژەی رۆژانەی گەیشتۆتە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ هەوڵی کۆمپانیاکانی کارکەر لە مۆڵەتی کێڵگەی تاوکێ دەکات، کە بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی پێشخابوور بۆ رۆژانە زیاتر لە 50 هەزار بەرمیل نەوت لە ماوەی تەنیا 18 مانگدا.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، کە زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی پێشخابوور توانیویەتی قەرەبووی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی تاوکێ بکاتەوە.
راگەیاندراوەکە باس لەوە دەکات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لە مانگی حەوتی ساڵی 2017 دا، رۆژانە 109 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ رۆژانە 80 هەزار بەرمیل. ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ئێستا لە هەردوو دوو کێڵگەی تاوکێ و پێشخابوور رۆژانە 126 هەزار بەرمیلە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاندووە کە وێستگەیەکی هەناردەکردنی نەوتی لە شێخان دامەزراندووە، کە توانای گواستنەوەی بۆری نەوتی کوردستان بەرزدەکاتەوە بۆ رۆژانە 900 هەزار بەرمیل. حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە ئێستا رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
چاودێرانی دارایی پێیانوایە بەرزبوونەوەی بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی رۆژانە لە هەرێم، یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە فەرمانبەران.