ئەمەریكا بۆ لابردنی سزاكانی سەر ئێران 12 مەرج دەخاتەڕوو


ئەمەریكا 700 كەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانی دەخاتە لیستی رەش و بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەپاندنی گەڕی دووەمی سزاكانیش لەسەر ئێران 12 مەرج دەخاتەڕوو. بەرپرسانی ئێرانی وەڵامی هەڕەشەكانی ئەمەریكا دەدەنەوە و داوایش لە وڵاتانی ئەوروپا دەكەن پابەندی بەڵێنەكانیان بن.

ستیڤن منوچین، وەزیری دارایی و مایك پۆمپیۆ وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریكا لە بارەی گەڕی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران، ئاماژەیان بەوە دا كە ئابووری ئێران پاشەكشەیەكی زۆر گەورەی كردووە لەو كاتەوەی گەڕی یەكەمی سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكا لە مانگی ئاب/ ئۆگستسی رابردوو لەسەر ئەو وڵاتە جێبەجێ كراون.

ئاشكرایان كرد كە ئابووری ئێران سێ تا پێنج هێندە پاشەكشەی كردووە و ئەمەریكا چاوەڕێی ئەوەی نەدەكرد لەم ماوە كەمەدا ئابووری ئێران وەها پاشەكشە بكات، ئاماژەیان بە گەڕی دووەمی سزاكان كرد كە سێكتەری نەوت دەگرێتەوە، دەڵێن ئامانج لە گەڕی دووەمی سفڕكردنی فرۆشتنی نەوتی ئێرانە لە بازاڕەكانی جیهاندا.

هەردوو وەزیری دارایی و دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لە بارەی گەڕی دووەمی سزاكان و گەڕی یەكەمی سزاكان، زانیارییان بە رۆژنامەنووسان دا.
وەزیری دەرەوە دووپاتی لە مكوڕبوونی واشنتن كرد لە سەپاندنی گەڕی دووەمی سزاكان و رای گەیاند، ئەمەریكا پێداگیرە لەسەر سەپاندنی سزاكان، بۆ ئەمەیش چاوەڕوانین وڵاتانی تر هاوئاهەنگی ئەمەریكا بكەن، بەڵام پێوەند بە سزاكانی گەڕی دووەم بۆ ماوەیەكی كاتی هەشت وڵات چاوپۆشیان لێدەكرێت، گوتی “رێپێدانە كاتییەكە دوای ئەوە دێت كە ئەو هەشت وڵاتە بەڵێنیان بە ئەمەریكا داوە كە هەنگاوی گرنگ دەگرنە بەر بۆ سفڕكردنی فرۆشی نەوتی ئێران، لەو هەشت وڵاتە، دووانیان هەوڵدەدەن كڕینی نەوتی ئێران سفڕ بكەن و ئەوانی تریش تا ئاستێكی زۆر گەورە پشت بە كڕینی نەوتی ئێران نەبەستن”.

ئەگەرچی ئەمەریكا ناوی ئەو هەشت وڵاتەی ئاشكرا نەكرد كە لێخۆشبوونی كاتی دەیانگرێتەوە، بەڵام پێداگیر بوو لەسەر ئەوەی یەكێتی ئەوروپا ناگرێتەوە و وتی، “لەو كاتەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كشاوەتەوە، ئەو وڵاتە هیچ هەنگاوێكی هەڵ نەگرتووە بە ئاراستەی باشتركردنی رەوشتی خۆی بەتایبەت لە خەرجكردنی داهاتەكانی لە بڵاوكردنەوەی كوشتن و شەڕ لە ناوچەكەدا، بۆیە ئامانجی ئەمەریكا ئەوەیە كە ئێران ناچار بكات بەیەكجاری دەستبەرداری چالاكییە نا یاساییەكانی ببێت و وەك وڵاتێكی ئاسایی مامەڵە بكات و دەست بكات بە گۆڕینی رەوشتی خومەینی و قاسم سولێمانی و رژێمەكە بە گشتی”.

گەڕی دووەمی سزاكان چی دەگرێتەوە؟
گەڕی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا كە بڕیارە رۆژی دووشەم پێنجی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر جێبەجێ بكرێت، تەنیا سەپاندنی سزا نییە بەسەر سێكتەری وزە و نەوتی ئێرانی، بەڵكو ئەو سزایانەش دەگەڕێنەوە واری جێبەجێكردن كە كاتی واژووكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2015، ئەمەریكا لەسەر ئێران هەڵی گرتبوو، وەك سێكتەری وزە بە گشتی و فرۆشتنی نەوت بە تایبەت، دروستكردنی كەشتی و بارگۆی دەریایی و بانكەكانی ئێران، بەمەیش سزاكان لە وەتەرە هەرە هەستیارەكان و بنەڕەتییەكانی ئابووری ئێران دەدات. بۆ ئەمەیش ئەمەریكا بەڵێن دەدات كە سزاكان نابنە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا كە زۆرینەی وڵاتانی پیشەسازی و  بەكاربەری نەوت ترسیان لێی هەبوو.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بەوە دا ئیتر ئێران داهاتێكی زۆر كەمی لە فرۆشی نەوتەكەی دەستدەكەوێت كە بە زەحمەت بەشی ناوخۆی دەكات بۆیە ناتوانێت لە گرووپە تیرۆریستییەكان خەرجی بكات، دڵنیابن ئەمەریكا داهاتی نەوتی ئێران دەكاتە سفڕ لە سەد، ئەوەیشی دەستی دەكەوێت پارەكەی نادرێت بە رژێمی ئێرانی بەڵكو لە بانكەكانی بیانی هەڵدەگیردرێت و تەنیا دەتوانێت بۆ مەبەستی مرۆیی و بازرگانی پێویستییە خزمەتگوزارییەكان بەكاری بهێنێت، وتی “بۆیە دڵنیایی دەدەین كە سزاكانی ئەمەریكا تەنیا رژێم دەكاتە ئامانج نەك گەلانی ئێرانی، بۆیە پارێزگاری لە پرسە مرۆییەكان دەكەین وەك خۆراك و كشتوكاڵ و پزیشكی و ئامێری پزیشكی”.
 
لای خۆیەوە ستیڤن منوچین، وەزیری دارایی ئەمەریكا رای گەیاند وەزارەتەكەی پابەندە بە راوەدونانی تەواوی ئەو دامەزراوانەی بۆ بەرژەوەندی ئێران لە دنیا كار دەكەن و وتی، “وەزارەتی دارایی لەم ماوەیەدا 19 سەردانی بۆ دەرەوە كردووە و 168 ئامانجی دەستنیشان كردووە وەك بەشێك لە گوشارێكی زۆر توند، بۆیە چاودێری تۆڕەكانی دارایی دەكەین كە ئێران بەكاری دەهێنێت بۆ كۆمەك كردنی گرووپە تیرۆریستییەكان وەك حزبوڵای لبنانی و حەماس و حوسییەكان و رژێمی ئەسەد”.

وەزیری دارایی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، رۆژی دووشەم كە هاوكاتە لەگەڵ سەپاندنی سزاكان، دوا سەردان ئەنجام دەدەین بۆ سەپاندنی سزا لەسەر سێكتەری وزە و كارگۆی دەریایی و بانك، بەمەیش وەزارەتی دارایی ئەمەریكا زیاتر لە 700 ناو دەخاتە لیستی رەش، لەوانەیش 400 كەسایەتی و دامەزراوەی تریش ناویان دەچێتە لیستەكە كە پێشتر لە 2015 ناوەكانیان لە لیستەكەدا سڕا بوونەوە، هاوكات 200 ناوی تریشی دەچێتە سەر.

ئاماژەی كرد، “ئامانج لەو سزایانە ناردنی پەیامێكی روونە كە ئەمەریكا دەیەوێت زۆر بەهێزەوە سزاكان لەسەر ئێران جێبەجێ بكات، بۆیە هەر دامەزراوەیەكی دارایی یان كۆمپانیا یان هەر تاكێك سەركێشی بكات ئەوا لە سیستەمی دارایی ئەمەریكی و بازرگانی لە ئەمەریكا و كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بێ بەش دەبێت”.

وەزیری دارایی ئەمەریكا هۆشداری دایە تۆڕی سویفتی دارایی كە ئۆفیسی سەرەكی لە بەلژیكایە كە سزاكانی ئەمەریكا دەیگرێتەوە ئەگەر مامەڵەی دارایی لەگەڵ دامەزراوەكانی دارایی ئێرانی بكات و گوتی، “رۆژی دووشەمی داهاتووش لیستە 700 كەسایەتی و دامەزراوەكە بڵاو دەكەینەوە”.

12 مەرج بۆ لابردنی سزاكان
تیمی پێوەندی بە سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا 12 مەرجیان بڵاو كردووە كە ئەگەر ئێران رەزامەندی لەسەر بدات، ئەوا ئەمەریكا ئامادەیە سزاكان هەڵبگرێت.

بەشی زۆری مەرجەكان تایبەتن بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و چالاكی میلیشیا شیعەكان و دەستوەردانی ئێران لە كاروباری وڵاتان، چوار مەرجی یەكەم تایبەتن بە چەكی ئەتۆمی ئێران، لە یەكەمدا داوا لە ئێران دەكرێت بۆ ئاژانسی ئەتۆمی نێودەوڵەتی پرۆگرامی ئەتۆمی خۆی لە بواری سەربازی ئاشكرا بكات، دووەم پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بوەستێنێ، سێیەم رێ بە پشكنەرانی نێودەوڵەتی بدات، چوارەم  بڵاوكردنەوەی مووشەكی بالیستی بوەستێنێ بەتایبەت ئەوانەی خاوەن كڵاوەی ئەتۆمین.

 لە مەرجی پێنجەمدا بارمتەی ئەمەریكی و دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمەریكا ئازاد بكات. لە شەشەم مەرجدا دەبێت ئێران هاوكارییەكانی بۆ گرووپە تیرۆریستییەكانی وەك حزبوڵا و حەماس و بزووتنەوەی جیهاد بوەستێنێ. حەوتەمیان تایبەتە بە پاراستنی سەروەریی حكوومەتی عێراق و رێ بەچەكداماڵینی میلیشیا شیعەكان بدات. هەشتەم دەسبەرداری هاوكاری حووسییەكانی یەمەن بێت. نۆیەمیش تەواوی هێزەكانی لە سووریا بكێشێتەوە.

مەرجی دەیەم، كۆتایی بە پاڵپشتی بزووتنەوەی تاڵیبان بهێنێ و پەنای رێكخراوی قاعیدە نەدات، مەرجی یانزەمیش تایبەتە بە فەیلەق قودس دەبێت ئەو رێكخراوە هاوكاری تیرۆر نەدات لە دنیادا. لە خاڵی دوانزەم و كۆتاییش داوا دەكرێت چیتر بە مووشەك هەڕەشە لە دراوسێكانی نەكات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێ، “بە جێبەجێكردنی ئەم مەرجانە، ئێران وەك دەوڵەتێكی سروشتی هەڵسوكەوت دەكات”.

ئێران وەڵامی ئەمەریكا دەداتەوە
لەسەر گەڕی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا و مەرجەكانی ئەو وڵاتە، عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ نزیكەی 40 ساڵە ئەمەریكا جەنگێكی سەربازی و ئابووری و میدیایی دژی تاران را گەیاندووە، بەڵام هەمیشە ئەنجامی كۆتایی لە بەرژەوەندی ئێران بووە.

خامنەیی لە چوارچێوەی دیداری لەگەڵ ژمارەیەك قوتابی ئێرانی ئەمڕۆ شەموو سێی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، ئاماژەی بەوەدا ئامانج لە سزاكانی ئەمەریكا رووخاندنی ئابووری ئێرانە، بەڵام دیوەكەی تر ئێران توانیویەتی گەشەی خێرا بكات لە پشت بەستن بە بەرهەمی ناوخۆ و وتی، “توانای ئەمەریكا بە ئاراستەی لاوازی دەچێت، بەڵكو ئێستە زۆر لاواز بووە و تەنیا قسەی ماوە، سیاسییەكانی ئەمەریكایش ئەوە باش دەزانن”.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەكی درێژی لەسەر گەڕی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا بڵاو كردەوە، داوای لە وڵاتانی ئەوروپا كرد بە بەرپرسیاریەتییەوە پارێزگاری لە رێككەوتنی ئەتۆمی بكەن و پارێزگاری لەو گەرەنتیانەش بكەن كە ئەوروپا بە ئێرانی داوە تا لە رێككەوتنەكە بمێنێتەوە و نەكشێتەوە.

خامنەیی و وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە هیچ شێوەیەك ئامادەیی وڵاتەكەیان نیشان نەداوە بۆ دانوستاندن لەسەر مەرجەكانی ئەمەریكا، بەڵكو هەر باسیان نەكردووە، بەڵكو هێرشێكی توند دەكەنە سەر ئەمەریكا و گەڕی دووەمی سزاكان بە شكستی ئەخڵاقی سیاسی ئەمەریكا ناو دەبەن، بەڵێن دەدەن كە “دەسەڵاتدارانی ئێران رێگە بە رژێمی ترەمپ نادات ئامانجە نا مەشروعەكانی بێنێتە دی”.

هەر لە بەیاننامەكەدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ستایشی هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا و رووسیا و چینی كرد كە پشتگیری لە بەردەوامیدان بە رێككەوتنامەی ئەتۆمی دەكەن و سزاكانی ئەمەریكاش رەت دەكەنەوە، بەتایبەت هەوڵی فرۆشتنی بەشێك لە نەوتەكەی بۆ پرسە مرۆییەكان و دەڵێ، “لەمەولا ئێران پشت بە پەیوەندییەكانی دەبەستێ لەگەڵ وڵاتانی دۆست و توانا ناوخۆییەكانی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئاستەنگەكان”.