لە ئەنجامی ئارامیی و سەقامگیرییدا

هەموولایەك ئەو راستییە باش دەزانن كە سەرمایەدار ‌و كۆمپانیاكان كاتێك روو دەكەنە وڵاتێك بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری پێشەكی دەبێت لەو وڵاتەدا ئارامی‌و سەقامگیری هەبێت و سەرمایەگوزاران دڵنیابن لەوەی لە شوێنی كارو چالاكی وەبەرهێناندا سەر‌و سەرمایەیان پارێزراو دەبێت و حكومەت پشتیوانیان لێ بكات بیانپارێزێ.

بڕیارە پاشەكەوتی مووچە بە تەواوەتی هەڵوەشێتەوە
هەرچەندە بەهۆی شەڕی (داعش) و قەیرانی ئابووریی و رووداوەكانی دوای ریفراندۆم بەشێكی زۆر لەكۆمپانیا بیانیەكان پڕۆژەكانیان لە هەرێمی كوردستان راگرت، تەنانەت پڕۆژەكانی خودی حكومەتی هەرێم بە هەمان شێوە، بەڵام دووبارە هەرێمی كوردستان بەسەر هەموو ئەو قەیرانە ئابوورییانەدا زاڵ بوو، مووچەی فەرمانبەران تاڕادەیەك دەستكاری كرا كە ئێستا لەكاتی خۆیدا دابەشدەكرێت و بڕیاریشە پاشەكەوتی مووچە بە تەواوەتی هەڵوەشێتەوە، پڕۆژە راگیراوەكانی حكومەتیش دەستبەكاربوون بۆ تەواوكردن، كۆمپانیا بیانیەكانیش روویان كردۆتەوە هەرێم و دەروازە سنوورییەكانیش و فڕۆكەخانەكانیش كراونەتەوە.

30 كۆمپانیای گەورەی ئەمریكی 
هەرێمی كوردستان قەوارەی سیاسی‌و ئیداری خۆی پاراست و ئارامی‌و سەقامگیری بەرقەرار بوو، كوردستان كەوتە قۆناغێكی نوێوە بۆ بەرژەوەندی ئابووری‌و سیاسی‌و سەقامگیری، ئەمانە هەمووی وایكرد جارێكی تر دەوڵەتانی ناوچەكەو ئەوروپا دەستبكەنەوە بە ناردەنەوەی كۆمپاینا‌و سەرمایەگوزەرانی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی حكومەت‌و كەرتی تایبەتی خۆماڵی خۆمان دەستبكەنەوە بەكار‌و چالاكیەكانیان لەسەرجەم بوارەكانی وەبەرهێنان‌و پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و بارزگانی گشتیدا، كار گەیشتۆتە ئەو ئاستەی پێشبڕكێ لەنێوان كۆمپانیا بیانیەكان دروست بووە بۆ ئەوەی كام كۆمپانیای بیانی بتوانێ پێگەی خۆی لە هەرێم بەهێز بكات بۆ ئەنجامدانی كارو چالاكیە ئابووری ‌و بازرگانیەكانیان ئەوەتا بە بەرچاوی حكومەتی عیراق‌و دنیای دەرەوە رۆژی (22/10/2018) 30 كۆمپانیای گەورەی ئەمریكی هاتنە هەرێمی كوردستان، سەرەتا لەشاری هەولێر لەگەڵ یەكێتی ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازیەكانی هەرێم بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەرمایەداران‌و وەبەرهێنەرانی خۆماڵی خۆمان كۆبوونەوەی فراوانیان كرد.

لەڕووی پڕۆژە‌و وەبەرهێنانەوە‌
لەو كۆبونەوەیەدا بیروڕاو سەرنج‌و تێبینی هەردوولا باس‌و لێكۆڵینەوەی لەسەر كرا بۆ ئەوەی كۆمپانیا ئەمریكیەكان بەرچاویان رووناك بێت كە ئەو پڕۆژانەی پێویستی هەرێمی كوردستانە كامانەن لە ئەنجامدا یاداشتی لە یەكتری گەیشتن واژوكرا ئەم كۆمپانیا ئەمریكیانە لە بوارەكانی بازرگانی گشتی‌و نەوت‌و پیشەسازی‌و وەبەرهێنان لەبوارە جیاجیاكاندا دواجار لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەی چڕو پڕیان كرد بۆ مسۆگەركردنی پاراستنی بەرژەوەندی ئەم كۆمپانیایانە لەكاتی دەستبەكاربوونیان لەو پڕۆژانەی ئەنجامی دەدەن لە داهاتوودا.
دواتر سەردانی شاری سلێمانیان كرد‌و لەگەڵ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و ژمارەیەك لەكۆمپانیا‌و بازرگانان‌و وەبەرهێنەرانی سلێمانی كۆبو‌ونەوەی چڕو پڕیان كرد، گوێبیست بوون كە شاری سلێمانی چی پێویستە لەڕووی پڕۆژە‌و وەبەرهێنانەوە‌و چەندە وەبەرهێنەرانی شاری سلێمانی ئامادەن بەهاوبەشی پڕۆژە پێویستەكانیان لەگەڵدا ئەنجام بدەن، بڕیاریشە وەفدەكە سەردانی هەردوو پارێزگای هەڵەبجە‌و دهۆك بكەن لەبەر ئەوەی دەیانەوێ لەهەر چوار پارێزگاكەی هەرێم بەپێی پێویستی پارێزگاكان پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن.

ئەمە یەكێ بوو لەدروشمی لیستی (105)
هەموو مەبەستەكەمان ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی‌و جارێكی تر هەرێمەكەمان دەبێتەوە بەناوەندێكی گەورەی بازرگانی لەناوچەكەدا. كەواتە ئارامی‌و سەقامگیری چەندە سودبەخشە بۆ ناوخۆ بۆ ئەوەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەژینگەیەكی ئارامدا بژین‌و سەروماڵیان پارێزراو بێت لەهەمان كاتیشدا دەیان ئەمەندەش سودی بۆ هاتنی كۆمپانیا بیانیەكان هەیە بێن لەژێر سایە‌و سێبەری ئەو ئارامی‌و سەقامگیرییەدا بەشداربن لەبەرو پێشبردن‌و بوژانەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێم.
ئەمە یەكێ بوو لەدروشمی لیستی (105)ی (ی.ن.ك) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئارامی‌و هەلی كار‌و خزمەت، دیارە هاتنی وەفدێكی ئاوا گەورەی وڵاتی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان‌و ئامادەكاری بۆ وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاكان دەبێتە هۆكارێكی كاریگەر بۆ رەخساندنی هەلی كار.

عەبدوڵڵا حاجی سەعید*
* یاریدەدەری سكرتێری گشتی یەكێتی بۆ كاروباری بازرگانی