جه‌نه‌راڵ مۆتۆرز 18 هه‌زار كارمه‌ند له‌ئه‌ركه‌كانیان دوورده‌خاته‌وه‌


كۆمپانیای جه‌نه‌راڵ مۆتۆرزی (GM)ئه‌مریكی له‌بواری به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێلدا، به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی، بژارده‌ی پێدانی قه‌ره‌بووی خستووه‌ته‌ به‌ره‌م 18 هه‌زار كارمه‌ندی خۆی له‌ ئه‌مریكای باكوور، له‌به‌رانبه‌ر ده‌ركردنیان له‌ كاره‌كانیان.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی GM، بژارده‌ی پێدانی قه‌ره‌بوویان خستووه‌ته‌ به‌رده‌م 18 هه‌زار كارمه‌ندی فرۆشتن و ئیداره‌ و ئه‌ركه‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ ئه‌مریكا، كه‌نه‌دا و مه‌كسیك، له‌به‌رانبه‌ر كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ركه‌كانیان.

راگه‌یه‌نراوه‌ كه‌ پێشنیاره‌كه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی كه‌ ماوه‌ی 12 ساڵ و زیاتره‌ له‌كۆمپانیاكه‌دا كارده‌كه‌ن.

به‌ڵام كۆمپانیاكه‌ زانیاریی نه‌داوه‌ له‌باره‌ی هه‌لومه‌رجی قه‌ره‌بووه‌كانه‌وه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ دوای ئه‌وه‌ ده‌ركراوه‌ كه‌ كۆمپانیاكه‌ رایگه‌یاندبوو، له‌ چاره‌كی سێیه‌می 2018دا بڕی دوو ملیار و نیو دۆلار قازانجی كردووه‌.

له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، ده‌ركردنی بڕیاری ده‌ركردنی كارمه‌ند له‌قۆناغێكدا كه‌ كۆمپانیاكه‌ ئاستێكی باشی نیشانداوه‌، كاریگه‌رده‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان.

شاره‌زایانی بواره‌كه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن، پیشه‌سازیی ئۆتۆمبێل له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌هۆی خاوبوونه‌وه‌ی فرۆش له‌ ئه‌مریكا و چین و زیادكردنی باجی سه‌ر ئه‌له‌منیۆم له‌لایه‌ن حكوومه‌تی دۆناڵد تره‌مپه‌وه‌، دووچاری كێشه‌ ببێته‌وه‌.

جه‌نه‌راڵ مۆتۆرز له‌ ئه‌مریكا، كه‌نه‌دا و مه‌كسیك نزیكه‌ی 50 هه‌زار كارمه‌ندی هه‌یه‌.