وەزارەتی دارایی و وەزارەتی كشتوكاڵ بڕیارێكی هاوبەش بۆ هەڵگرتنی باج لەسەر چەند بەرهەمێكی هاوردە دەدات.
ئەمڕۆ دووشەم 29ـی تشرینی یەكەم، بەگوێرەی بڕیارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان بە ژمارە (٤٨) كە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گومرگییەكان كراوە ئاماژە بەوەدراوە كە بە فەرمانی وەزیری دارایی و ئابووری و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت زیادەی گومرگی لەسەر پەتاتە لەپێش وادەی خۆی لەسەر هاوردەكردنی پەتاتە لادەبرێت و تەنیا بەپێی پێناسەی گومرگی ئیجرائاتی گومرگی بۆ ئەنجام بدرێت.
ئاشكرا كراوە، ئەمساڵێش هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بە لیستێك كە بەرواری دانانی باج و هەڵگرتنی تێدایە دیاری كراوە بۆ ئەو بەرووبوومانەی كە باجیان دەخرێتەسەر، بەرهەمی پەتاتەش لەلیستەكەدا لە بەرواری پێنجی نیسان بۆ 15ی تشرینی دووەم ئەو باجەی لەسەر دانراوە، بەڵام ئەمساڵ لەبەر بەرژەوەندی گشتی و زیادنەبوونی نرخی ئەم بەرهەمە لەبەرواری 25ی تشرینی یهكهم رەسمی گومرگی لەسە لابراوە و تەنیا بەپێی پێناسەی گومرگی ئیجرائاتی گومرگی بۆ ئەنجام دەدرێت.
ساڵانە بەمەبەستی پاراستنی نرخی بەرهەمی ناوخۆیی لە كاتی پێگەیشتنی باج دەخرێتە سەر بەرهەمە هاوردەكراوەكان.