ئێران چاوەڕێی قۆناغی دووەمی گەمارۆکانی ئەمریکایە


تەنھا  حەوت رۆژ ماوە، بۆ سەپاندنی قۆناغی دووەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بە سەر ئێران، لەم رووەشەوە تا ئێستا ئێران نایەوێت بچێتە ژێرباری خواستە ١٢ خاڵییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ دووبارە کۆبوونەوەو رێککەوتنی نوێ و ھەڵگرتنی گەمارۆکان.

چ ئێران، چ وڵاتانی پەیوەست بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی، چاوەڕێی ئەوەن بەدیاریکراوی لە رۆژی ٤ی مانگی داھاتوودا، جگە لە گەمارۆ خستنە سەر نەوت و سیستمی بانکی ئێران، ئەمریکا دەیەوێت چ گەمارۆیەکی تر بخاتە سەر ئەو وڵاتە؟.

لە دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ٥+١ لە رۆژی ٨ ئایاری ئەمساڵ ئەمریکا بەشێوەیەکی تاکلایەنە گەمارۆی ئابووری خستە سەر ئێران و ھاوکات ھەڕەشەی لە ھەموو ئەو کۆمپانیایانەش کرد کە دەیانەوێت لەگەڵ ئێران پەیوەندییە بازرگانیەکانیان پەرەپێبدەن، لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین کۆمپانیا لە بواری جیاوازەوە دەستیان لە کارەکانیان لە ئێران ھەڵگرتووە و ئەو وڵاتەیان بەجێ ھێشتووە.

ئەمە جگە لەوەی کە کاریگەری گەمارۆکان بە ئاستێک گەیشتووە کە بەھای تمەنی ئێرانی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بە نزمترین ئاستی خۆی بگات کە ئێستا نرخی ١٠٠ دۆلاری لە سەروی ١ ملیۆن تمەنی ئەو وڵاتەیە.

ئێستاو لەگەڵ نزیکبوونەوەی ماوەی دووەمی گەمارۆکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر خواستەکانی بە زمانی فارسی بۆ ئێران دەخاتەڕوو.

ئەمریکا دەیەوێت، کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی بە پەرەپێدانی موشەکە بالستیکەکانی بھێنێت و ھاوکات رێگە بەلێکۆلەرەوانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بدات بەشێوەیەکی بێ سنوور ھەموو دامەزراوەکانی پەیوەست بە چەکی ئەتۆمی ئەو وڵاتە بەسەر بکەنەوە.
داواش دەکات، دەبێت ئێران ھەموو وردەکارییەکانی رابردووی بەرنامەی ئەتۆمی خۆی بداتە ئاژانسەکە.

دۆناڵد ترامپ لە کاتی کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی رایگەیاند: ئەو رێککەوتننامەیە کارەسات بوو و ھیچ سوودێکی نەبوو. نەیتوانی رێگری لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بکات. ئەگەر ئەو رێککەوتننامەیە بەردەوامبێت، رێژەی چەک لە رۆژھەڵاتی ناوەراست زیاد دەکات.

لێرە بەدواوە ئەوەی دەبێت وەڵامی ئەو داواکارییانەی ئەمریکا بداتەوە”ئێران”ـە، بەڵام بەپێی لێدوان و ھەڵوێستەکانی سەرانی ئەو وڵاتە بێت، ئێران وێڕای مەترسی لە گەمارۆکان، کەچی بێ باکن لە ھەڵوێستەکانی ئەمریکا و وەک بڵێی دەیانەوێت قۆناغێکی نوێی ململانێکانیان دەست پێ دەکەنەوە.