لافاو دەروازەیەكی سنووری نێوان ئێران و مەندەلی پەكخست

ئاوی باران و سێڵاوەكان لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دوای بارانی ڕۆژانی ڕابردوو ڕژانە دۆڵ و نشێوەكانی سنووری شارەدێی مەندەلی، گرفتی كاری بازرگانی بۆ شۆفێران و كاسبكاران كورد و عەرەب و ئێرانییەكان خۆیانیش دروست بووە.
 
ئەمڕۆ شەموو 27ـی تشرینی یەكەم، سەعید حەسەن یەكێك لە بازرگانی مەرزی سۆمار وتی، ئەمساڵ لە مەرزی سۆمار هاوشێوەی ساڵی پار گرفتی هاتوچۆ بۆ باری ئۆتۆمبێلە گەورەكان دروست بووە بەتایبەت لەكاتی بردنی بار بۆ زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری مەندەلی، بۆیە زۆربەی بارەكان ماونەتەوە.
  
بەهرۆز بەكر یەكێك لە نوێنەرانی شۆفێرانی مەرزەكە ئاشكرای كرد، ماوەی دوو رۆژە كارە بازرگانییەكانی نێوان بازرگان و شۆفێرانی ناوچە كوردستانییەكان و عێراق لەگەڵ  ئێران راگیراوە، بەهۆی ئەو لافاوەی لەدیوی ئێرانەوە رژاوەتە  سنووری مەندەلی و مەرزی سۆمارەوە.
 
ئاماژەی دا ، ساڵانێكە بەرزی ئاستی وڵاتی ئێران لە ناوچەكانی سنووری مەندەلی وای كردووە كە ئاوی باران و لافاوی ئەو وڵاتە بڕژێتە خاكی ناوچە كوردستانییەكانەوە لە سنووری مەندەلی و بەو هۆیەشەوە كاری بازرگانی رادەگیرێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، بەردەوامی كێشەكە لەكاتێكدایە هەردوو لایەنی حكوومەتی ناوەند و عێراقی ساڵانە هەنگاوێكی تۆكمە ناگرنەبەر بۆ چارەسەری كێشەكە و هیچ گفتوگۆیەكی لەسەر ناكەن و بەگرفتێكی كاتی لە قەڵەم دەدەن.
 
ئازاد حەمید سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی مەندەلی وتی، خراپی رێیەكە و چارەسەرنەكردنی كێشەی رێگەوبانەكان، وای كردووە رێی مەندەلی بۆ پارێزگای واستیش بێتە داخستن، بەڵام مەندەلی بۆ خانەقین ئاسایییە.
 
لەبارەی گرفتی مەرزكەوەشەوە ئاماژەی دا، ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێ و ئەو رێگەوبانەی بەستراونەتەوە دەكرێنەوە و ئەوانەی دەكەونە دەرەوەی مەرزەكەش، چونكە رێی هاتوچۆیان لەسەرە.
 
مەرزی سۆمار دەكەوێتە سنووری شارەدێی مەندەلی و كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە 1980 بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی هەردوولاوە داخراوە و ماوەی چوار ساڵە كراوەتەوە.