قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران هەرێم لەمیانی وتارێكیدا لە دیداری ئاڵۆگۆڕی روانگەكان بۆ سەقامگیریی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست كە ئینستیوتی مێری لەهەولێر سازی دابوو، وتی «خەڵكی كوردستان دەوڵەتداری دەوێت و بێزار بوون لە موزایەدەی سیاسی، قسەی زل و رەق و روخێنەریش هیچ سوودێكی نەبووه».
عەقڵیەتی حوكمڕانی لەكوردستان بگۆڕین
وتیشی: «حكومەتی ھەرێمی كوردستان چوار ساڵی سەختی تیپەڕاند، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان بە بەرنامەیەكی تۆكمەی چاكسازی، كوردستان بەرەو كەناری ئارامی ببەین».
ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ناكۆكییە سیاسییەكان توانیمان قەوارەی ھەرێم بپارێزین و حكومەتی ھەرێم كێشە سیاسییەكانی وەلا ناو ئەركە نیشتمانییەكانی جێبەجێكرد.
جێگری سەرۆك وەزیران ئەوەشی رایگەیاند: كە توانیمان لەچوار ساڵی رابردوودا عەقڵیەتی حوكمڕانی لەكوردستان بگۆڕین و دەبێت حكومەتی داھاتووی كوردستان لە چاكسازی بەردەوامبێت.
جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەت بۆ كەمكردنەوەی رۆتین
لەبارەی بەردەوامی چاكسازی لە حكوومەتدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: یەكڕیزی لەنێو حكومەتدا وایكرد زۆرترین چاكسازی ئەنجامبدرێت و پێویستە پڕۆسەی چاكسازی لەحكوومەتدا بەردەوام بێت.
ئەوەشی روونكردەوە كە «بەشێك لەو چاكسازیانەی كردومانە دەڵەمەن و تەنها بەڕێنمایی رێكخراون، ئەوانە پێویستیان بەیاسا ھەیە.»
باسیشی لە پڕۆژە گرنگەكانی حكومەت و چاكسازیەكانی وەك بایۆمەتری كە توانرا زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار كەس تۆمار بكرێت لەو سیستەمە، هەروەها هێنانی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی لە پڕۆسەی نەوت، هەروەها جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەت بۆ كەمكردنەوەی رۆتین لەدامودەزگاكانی حكومەت.
قوباد تاڵەبانی بۆچوونی خۆی ئاشكراكرد سەبارەت بەلامەركەزیەت، لەو رووەشەوە وتی:»بۆ لامەركەزیەت پێویستە بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵام نابێت بەمیزاجەوە بڕیار بدرێت». ئاماژەی بەوەشدا كە دەبێت زانستیانە بڕیاڕ لەسەر لامەركەزیەتی دەسەڵات بدرێت.
پێویستە دەسەڵات شۆڕ بكرێتەوە
ئەوەشی نەشاردەوە، «ھەندێكجار ئەگەر بەیاسا كاروبارەكان رێكنەخرێتەوە، بەریەككەوتن دروست دەكات. بۆیە تاوەكو ئەوە چارەسەر نەكرێت بڕیاردان لەسەر لامەركەزیەت باش نابێت».
جەختیشیكردەوە، «ئەوەی من دەیڵێم بەو مانایە نییە دژی لامەركەزیەت بم، بەپێچەوانەوە بۆیە پێویستە دەسەڵات شۆڕبكرێتەوە، باوەڕم بە لامەركەزیەت هەیە، بەڵام جەختدەكەینەوە، دوای رێكخستنەوەی دەسەڵاتی پارێزگارو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان، پێویستمان بەكەسانی شارەزای نێودەوڵەتی و ھەرێمی ھەیە، بۆ ئەوەش شارەزایان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە ھاوكارمان بن».
نابێت لەسەر چاكسازییەكان سارد ببینەوە
لەبارەی بارودۆخی داراییەوە جەختیكردەوە، بارودۆخی دارایی و پەیوەندیەكانی ھەرێم و بەغدا كە ھەستدەكەین باشتربوون، بەرەو ئارامكردن و توانای حكومەت و بەرزبونەوەی نرخی نەوت، نابێت لەسەر چاكسازییەكان سارد ببینەوە، بەڵكو دەبێت زیاتر سور بین لەسەر ھەنگاوەكانمان.