بە هۆی سەپاندنی سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا، لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا زۆرینەی كاڵا و پێداویستییە خۆراكییەكان نرخیان بەرز بووەتەوە، ئێرانیش بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخ لە ئێستادا رێگری لە هەناردەكردنی بەشێك لە پێداویستییەكانی رۆژانەی هاووڵاتیان دەكات.
بە هۆی دابەزینی بەهای تمەن بەرانبەر بە دۆلار و دینار، ڕێژەی چوونی گەشتیاری هەرێمی كوردستان بۆ ئێران 100% زیادی كردووە و، بە پێی ئامارەكان ڕۆژانە گەشتیارێكی زۆر لە باشووری كوردستانەوە دەچنە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، بەڵام لە بەرانبەردا ڕێژەی هاتن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشووری كوردستان بە هۆی ئەو باجەی لە لایەن حكوومەتی ئێرانەوە لەسەر هاووڵاتیانی خۆی داناوە، زۆر كەمی كردووە.
سیروان حوسێن، بەرپرسی راگەیاندنی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، ڕاگەیاند: “خەڵك بە شێوەیەكی بەرچاو گەشتی ئێران دەكەن كە گوشارێكی زۆر كەوتووەتە سەر سنوورەكە و رۆژانە نزیكەی 2 هەزار كەس سەردانی ئێران دەكەن، بەڵام لە بەرانبەردا بە هۆی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانەوە، هاتنی گەشتیارانی ئێرانی ڕووی لە كەمی كردووە، ئەمەیش بۆ زۆریی باج دەگەڕێتەوە كە لە هاووڵاتیانی ئێرانی وەردەگرن، كە بۆ هەر هاووڵاتییەك بڕی ٢٢٠ هەزار تمەنی لێ وەردەگرن، ئەگەر بۆ جاری دوووەم سەفەر بكات بۆ هەر وڵاتێكی تر، بڕی ٣٣٠ هەزاری لێ وەردەگرن و، بەم شێوەیە بۆ هەر سەفەرێك بڕی پارەكە زیاتر دەبێت، ئەمەیش بارگرانییەكی زۆری بۆ ئەو هاووڵاتیانەی كە دێنە كوردستان دروست كردووە، لەگەڵ ئەوەی لە كوردستان بڕی ٢٥ هەزار دیناری عێراقی لێ وەردەگیرێت”.
بەرپرسی راگەیاندنی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، روونیشی كردەوە: “جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ دابەزینی بەهای تمەن زیادی كردووە و ئەو كەلوپەلانەی ئێستا لە دیوی ئێرانەوە دێن، زۆربەیان بیناسازین”.
حوسێن، ئاماژەیشی دا: “ئێران هەناردەكردنی هەندێك كەلوپەلی بۆ وڵاتانی دراوسێ قەدەغە كردووە، لەوانە كاغەز، برنج، شەكر، ئارد، تەماتە و پەتاتە، پێشتر گەشتیار ئازاد بوو چی لەگەڵ خۆی هێنابایە، بەڵام ئێستا ناتوانێت هەموو خواردەمەنییەك لەگەڵ خۆی بهێنێت”.
بەرپرسی راگەیاندنی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، زیاتر وتی: “لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە، هەموو ئاسانكارییەك بۆ گەشتیاران و بازرگانان كراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا كارەكانیان ڕایی دەكرێت و هیچ كێشەیەك نییە”.