زەریف: ئێران توانای فرۆشتنی نەوت و پاراستنی ئابوورییەکەی خۆی هەیە

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئێران لە باروودۆخی هەنووکەیشدا توانای فرۆشتنی نەوتەکەی خۆی هەیە و لەگەڵ ئەوەش دەتوانێ ئابوورییەکەی خۆی هەر بپارێزێ.

“محەممەد جەواد زەریف” لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ژاپۆنیی “کیۆدۆ” وتی:  ئەمریکا دەتوانێ بە گەڕانەوە بۆ نێو ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە بە شێوەی نایاسایی بەجێی هێشت و هەروەها بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بایکۆتانەی پاش چوونەدەری لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە سەر ئێرانی داسەپاند، ڕێگا خۆش بکات بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران.

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران هەوەها بە ئاماژە بەوەی کە ئەمریکا پابەند نییە بە بەڵێنەکانی، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: بە داخەوە شێوازی هەڵس و کەوتی ئەمریکا بۆتە هۆی ئەوەی مەسەلەی دانوستان هەر لە بنەڕەتەوە بچێتە ژێر پرسیارەوە.

ناوبراو وتیشی بە پێی قازانج و بەرژەوندیی خۆی سەبارەت بە مانەوە یان چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بڕیار دەدات راشیگەیاند: ئێران دەتوانێ زاڵ بێ بە سەر بایکۆتەکانی ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بازرگانی کردن لەگەل ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها وتی: جگە لە سێ وڵاتی ئەورووپایی (ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا) وڵاتانی دیکە کە گرینگایەتییەکی زۆر دادەنێن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، لەوان ڕووسیا، چین و ژاپۆن ئامادەن تا لەگەڵ ئێران بازرگانی بکەن.