پێشانگایەکی فۆتۆگرافی لەسەر وشکبوونی زۆنگاوەکانی عێراق لە سلێمانی کرایەوە

لە گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی پێشەنگایەک کرایەوە کە تیایدا فۆتۆگرافەرێکی شاری بەسرە بەناوی موعتەز سامی کۆمەڵێک فۆتۆی تایبەت بە زۆنگاوەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی کەمئاوی و وشکبوونی ئەو زۆنگاوانە نمایش کرا.

لە بارەی پێشانگاکەوە موعتەز سامی وتی: “ھەموو ئەو کارە فۆتۆییانە لە زۆنگاوەکانی هەردوو پارێزگای بەسرە و زیقار گیراون و ویستم لە رێگەی ئەو وێنانەوە پەیامێک بە ھەموو کەسێک لەناوخۆی عێراق و دەرەوە بگەیەنم کە ئەو ناوچەیەی بە جوانی و سرووشتە سیحراوییەکەی دەناسرێتەوە، لە ئێستادا بەھۆی کەمبوونەوەی رێژەی ئاوی ئەو زۆنگاوانە روبەڕووی وشکبوون دەبنەوە “.

موعتەز سامی وتیشی: “تەواوی فۆتۆ نمایشکراوەکان بە زوومی کامێرای خۆم گیراون و لەم پێشانگایەدا ٢٨ فۆتۆ نمایشکراون کە ھەموویان وێنەی زۆنگاوەکانی پارێزگاکانی بەسرە و زیقارن”.

میترۆگرافی ئاژانسێکی تایبەت بە فۆتۆیە لە ھەرێمی کوردستان، ساڵانە فێستیڤاڵی تایبەت بە فۆتۆ ئەنجام دەدات و بە بەشداری فۆتۆگرافەرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ھەفتەیەک پێشانگای فۆتۆگرافی لە شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە.